سەپاندنی سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچی بەسەردا سادق مەحموودنژاد

سادق مەحموودنژاد، یەکێک لەو خۆپیشاندەرانەی کە لە ڕەتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری پیرانشار چاوی چەپی بریندار بووە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری

٢٥ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٣:١٨


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

سادق مەحموودنژاد، یەکێک لەو خۆپیشاندەرانەی کە لە ڕەتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری پیرانشار چاوی چەپی بریندار بووە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سادق مەحموودنژاد، خێزاندار و باوکی منداڵێک و خەڵکی پیرانشار، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکان لەو شارە، بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان"، سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکە لە دادگای شۆڕشی مەهاباد، تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و "پڕوپاگەندە بە دژی کۆماری ئیسلامی" دراوەتە پاڵی و ئەم دۆسیەیەش هێشتا کراوەیە.

سدیق مەحموودنژاد، سەرەڕای ئەوەی کە بە چەند قۆناغێک لە نەخۆشخانەکانی "خومەینی"ی ئورمیە، "فارابی"ی تاران و "ئیمام سەجاد"ی ڕامسەر نەشتەرگەریی چاوی بۆ کراوە، بەڵام ٢٠٪ بیناییی چاوی چەپی لەدەست داوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، لە ماڵەکەی خۆی و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا، ڕۆژی ٥ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

شایانی باسە کە سدیق مەحموودنژاد، شەوی ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی پیرانشار لە گۆڕەپانی "مامۆستای هەژار"ی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت چاوی چەپی بریندار بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە