دەستبەسەرکردنی لانی کەم ١٥ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد و شنۆ؛ ئاشکرابوونی ناسنامەی ٦ کەسیان بۆ هەنگاو

چوار هاووڵاتیی لاوی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی شێرکۆ نەسیری، هیوا شەبەنگ، ئەشکان ڕەسووڵی و هیدایەت خەستە، هەروەها دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکان

٢٥ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٤:١٩


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژ ٢٧٢٣

چوار هاووڵاتیی لاوی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی شێرکۆ نەسیری، هیوا شەبەنگ، ئەشکان ڕەسووڵی و هیدایەت خەستە، هەروەها دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی شێروان خزری و ئەیووب میرزایی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو لەم دوو شارەدا زیاتر لە ١٥ هاووڵاتیی دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، شێرکۆ نەسیری و باوکی دوو منداڵ، ئەشکان ڕەسووڵی، هیدایەت خەستە و هیوا شەبەنگ، چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

هاوکات هەر ئەمڕۆ، شێروان خزری و ئەیووب میرزایی کە هەردووکیان خەڵکی گوندی "بیمزرتێ سەر بە شاری شنۆ بوون، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکوومەتییەکان بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییانە لە شارەکانی مەهاباد و شنۆ و وێڕای ئەوەی کە کەشێکی ترسێنەر و ڕەوانییان هێناوەتە ئاراوە، ئەو شەش هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنگەلێکی نادیار گواستراونەتەوە. هەروەها هێزە حکوومەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلی ئەشکان ڕەسووڵی و هیدایەت خەستە و هیوا شەبەنگ گرتووە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.

لەم بارەیەوە سەرچاوەکانی هەنگاو لە مەهاباد ڕایانگەیاندووە؛ ئەمڕۆ هێزە حکوومەتییەکان زیاتر لە ١٣ هاووڵاتیی شاری مەهابادیان دەستبەسەر کردووە و بۆ گرتنگەی ناوەندە حکوومەتییەکانی شاری ئورمیە گواستراونەتەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و هەروەها بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە