دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی کۆمار دەرئۆفتادە، لاوی گیانبەختکردووی ١٦ ساڵە، لە ڕۆژی لەدایکبوونی کوڕەکەیاندا

بەپێی زانیارییەکانی؛ هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، هەموو ئەندامانی بنەماڵەی دادخواز کۆمار دەرئۆفتادە، لاوی گیانبەختکردووی خەڵکی شاری

٢٥ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٥:٣٦


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

بەپێی زانیارییەکانی؛ هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، هەموو ئەندامانی بنەماڵەی دادخواز کۆمار دەرئۆفتادە، لاوی گیانبەختکردووی خەڵکی شاری پیرانشار لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کوڕەکەیاندا دەستبەسەر کردووە و هەروەها ئەو هێزانە دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتی ئەو بنەماڵەیە و بەتایبەت مۆبایلەکانیاندا گرتووە و ئەو بنەماڵەیەیان ناچار کردووە جلەکانیان داکەنن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ دەمەونیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، حەسەن دەرئوفتادە و هاجەر بەرزەنجی، دایک و باوکی کۆمار دەرئۆفتادە و ماردین، ژێکاف، میدیا و ئەفسانە دەرئۆفتادە، منداڵەکانی تری ئەم بنەماڵەیەیان دەستبەسەر کردووە. دایکی کۆمار بەهۆی هەڕەشەی هێزە حکوومەتییەکان بە دەمانچە و گوشاری ناڕەحەتیی لەڕادەبەدەر تووشی دەمارەهێدمە بووە و دوای ئازادبوونی، بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

شایانی باسە کە ژێکاف و میدیا دەرئۆفتادە، خوشک و برا بچووکەکانی کۆمار دەرئۆفتادە تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکوومەتییەکان ئەندامانی ئەو بنەماڵە دادخوازەیان لە بازگەی دەروازەی شاری پیرانشار دەستبەسەر کردووە. لە کاتێکدا لە ڕێگەی گوندی "زێوکە"دا بوون " و بەتەما بوون لە گوندی لەدایکبوونی کۆمار بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی کوڕەکەیان و لەسەر گۆڕی گیانبەختکردوو جەژنی لەدایکبوونی بەڕێوە ببەن، هێزە حکوومەتییەکان بە دەستبەسەرکردنیان ڕێگرییان لە بەڕێوەبردنی جەژنی لەدایکبوونی ئەو گیانبەختکردووەیان لەلایەن بنەماڵەکەیانەوە کردووە.

لەم پەیوەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "هێزە حکوومەتییەکان لە بازگەی دەروازەی شاری پیرانشار ئەندامانی ئەم بنەماڵەیان ناچار کردووە جلی کوردییەکانی خۆیان کە بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کۆمار لەبەریان کردبوو، داکەنن و ئەو جلانە لەگەڵ هەموو کەلوپەلەکانی دیکەیان و بەتایبەت مۆبایل و کەلوپەلەکانی تایبەت بەو جەژنە کە ئامادەیان کردبوون، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە".

شایانی باسە کە باوکی و دایک و هەروەها خوشک و براکانی کۆمار دوای چەند کاتژمێرێک دەستبەسەربوون، ئازاد و ڕەوانەی ماڵی خۆیان لە شاری پیرانشار کراون، بەڵام هاجەر بەرزنجی، دایکی کۆمار بەهۆی گوشاری ناڕەحەتیی لەڕادەبەدەر تووشی دەمارەهێدمە بووە و دوای ئازادبوونی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

ڕۆژی شەممە، ٢١ی گەلاوێژ، حەسەن دەرئۆفتادە، باوکی کۆماری گیانبەختکردوو، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگ کراوە و ئاگاداریی پێ درا کە بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کوڕە گیانبەختکردووەکەی نابێت هیچ جەژن و ڕێوڕەسمێک بەڕێوە ببات. کاک حەسەن لە کاتی ئەسپەردەکردنی کۆماردا مردنی کوڕەکەی لە ڕێگەی "ئازادی" و "نیشتمان"دا بە شانازی دەزانی.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە