دەستبەسرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە
دوو هاووڵاتی لاوی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی نەجمەدین عیسازادە و هێدی عەبدولبەخت، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەس
هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٣
دوو هاووڵاتی لاوی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی نەجمەدین عیسازادە و هێدی عەبدولبەخت، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، نەجمەدین عیسازادە، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی شوێسماک و هێدی عەبدولبەخت، تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی گوندی "بێمزورتێ» ی سەر بە شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی ڕابردوو هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بنەماڵەکانیان و دەستیان بەسەر مۆبایلی سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەی ئەو دوو لاوەدا گرتووە، دواجار ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٦ی گەلاوێژ، ئەو دوو کەسە دوای ئەوەی کە سەردانی بنکە ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆیان کردووە، دەستبەجێ دەستبەسەر کراون.
هەنگاو پێشتر، واتە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژ، هەواڵی دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی شیروان خزری و ئەیووب میرزایی کە هەردووکیان خەڵکی گوندی "بێمزورتێ" بوون، بڵاو کردەوە.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ نەجمەدین عیسازادە و هێدی عەبدولبەخت و هەروەها شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.