برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە سنووری بانە

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە بە ناوی ڕەئووف ڕەسووڵی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری ئەو شارە بەسەختی بریندار بوو

٢٧ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٩:٣٧


هەنگاو: هەینی، ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە بە ناوی ڕەئووف ڕەسووڵی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری ئەو شارە بەسەختی بریندار بووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو هەنووکە باری تەندروستیی ئەم کۆڵبەرە ناجێگیرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، کۆڵبەرێک بە ناوی ڕەئووف ڕەسووڵی و خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری بڕوێشکانێی ئەم شارە بەسەختی بریندار بووە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو کۆڵبەرە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت کڵۆکی بریندار بووە و بەهۆی دژواری و سەختیی برینەکەی و کاریگەریی گوللەکە لە لەشیدا، بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە.

سەرچاوەکانی هەنگاو باس لەوە دەکەن کە پاش گواستنەوەی ڕەئووف ڕەسووڵی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی لە شاری بانە، بەهۆی دژواریی برینەکە و نەبوونی پزیشکی نەشتەرگەری و کەرەستەی دەرمانیی پێویست، بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە