گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر سامان پاشایی بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ درێژەی هەیە

دۆخی تەندروستی سامان پاشایی، مامۆستای زانکۆ و پاڵەوانی زۆرانبازیی خەڵکی سەقز، لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی ناوەندە حکوومەتییەکان لەمەترسید

٢٨ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١١:٤٤


هەنگاو: شەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣
دۆخی تەندروستی سامان پاشایی، مامۆستای زانکۆ و پاڵەوانی زۆرانبازیی خەڵکی سەقز، لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی ناوەندە حکوومەتییەکان لەمەترسیدایە. ناوبراو لە ماوەی نزیک بە ٥٠ ڕۆژی ڕابردووەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا، بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر ئەشکەنجەی سەختدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سامان پاشایی، خەڵکی سەقز و ئەندامی ئەکادیمیایی نەتەوەیی پزیشکی وەرزشی ئەمریکا لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە، بە شێوەیەکی بەرچاو کێش و هاوسەنگی لەشی لەدەستداوە.

بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، سامان پاشایی لە چل و پێنجەمین ڕۆژی دەستبەسەرکرانیدا، بۆ یەکەمجار لە ژێر چاودێری هێزەکانی ئیتلاعاتدا چاوپێکەوتنێکی کورتی لەگەڵ خێزانەکەیەوە هەبووە. سەردار پاشایی، برای سامان لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە دۆخی تەندروستی براکەی بە شێوەیەکی جددی لە مەترسیدایە و خراپی دۆخی تەندروستی جەستەیی دەروونی براکەی لە ئەستۆی بەرپرسان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییە.

سامان پاشایی لە ماوەی ٤٨ ڕۆژ دەستبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەریبووە و هەتا ئێستا تۆمەتەکانی بۆ ڕوونەکراوەتەوە. ناوبراو لەماوەیەدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی لە ژێر ئەشکەنخەی تونددابووە.

سامان پاشایی، لە ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٢ی جولایی ٢٠٢٣)، لە کاتی گەڕانەوەی لە شاری سنەوە بۆ زێدەکەی خۆی، سەقز، بە شێوەیەکی توندوتیژانە و بەبەکارهێنرانی لێدان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا. دواتر ئەم هێزانە هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی سامان پاشایی و سەرەڕای پشکنین، دەستیان بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەلی تاکەکەسی ناوبراودا گرتووە.

جێگای ئاماژەیە کە، سامان پاشایی دەرچووی بەشی فیزیۆلۆژی و خۆراکییە وەرزشییەکان، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی ئەکادیمیایی نەتەوەیی پزیشکی وەرزشی ئەمریکایە، کە دوای دەستبەسەرکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە