ئاریەن کۆخایی جارێکی تر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان لە ئیلام دەستبەسەر کرایەوە

ئاریەن کۆخایی، لاوێکی خەڵکی شاری ئیلام و یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە

٢٨ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٢:١٢


هەنگاو: شەممە، ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

ئاریەن کۆخایی، لاوێکی خەڵکی شاری ئیلام و یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە حکوومەتیییەکان لەو شارە دەستبەسەر کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، ئارین کۆخایی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری ئیلام، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە.

دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە و گواستنەوەی بۆ بەندیخانە لە کاتێکدایە کە تاکوو ئێستا دۆسیەی دەستبەسەرکردنی جاری پێشووتری هێشتا کراوەیە و یەکلایی نەکراوەتەوە، هەنووکەش هیچ زانیارییەک لەسەر دەستبەسەرکردنەوەی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

ئاریەن کۆخایی لە ماوەی دەستبەسەربوونی جاری پێشوویدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر بە ناڕوونیی چارەنووسی خۆی لە ماوەی چەند مانگی ڕاگیرانی لە گرتنگەی ناوەندە حکوومەتییەکان، بە دورینی لێوەکانی مانی لە خواردن گرت.

دواتر لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن لێپێچەری دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیلامەوە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپی تاوانکار، مانۆڕ بە چەکی گەرم و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی" درایە پاڵی و هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەشدا، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی کۆماری ئیسلامی"، لەلایەن دادگای تاوانەکان لە ئیلام سزای پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا.

ئاریەن کۆخایی، ڕۆژی شەممە، ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواسترایەوە کە دواتر لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە