ئیلام/ خەدیجە مەهدیپوور چالاکی کورد بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانە گوازرایەوە

خەدیجە مەهدیپوور بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد و خەڵکی شاری ئەیوان سەر بە ئیلام بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندەکەی

٢٨ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٣:٢٠


هەنگاو: شەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

خەدیجە مەهدیپوور بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد و خەڵکی شاری ئەیوان سەر بە ئیلام بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٨ی گەلاوێژ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) خەدیجە مەهدیپوور خەڵکی شاری ئەیوان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای سێ مانگ بەندکران دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئیلام گواسترایەوە.

ناوبراو سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای گشتی و شۆڕشی ئیلام بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی کۆماری ئیسلامی" سزای ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپا.

خەدیجە مەهدیپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە کاتی تێپەڕکردنی سزای ٢٠ مانگ لە ماوەی بەندکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیلام، بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە ئازاد کراوە و گەڕایەوە ماڵەوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی ڕەزبەر ٢٧٢٠ لە ماڵی مامی و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی ئیلامەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام گواستراوەتەوە. ناوبراو ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ بە هۆی چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و پاشان لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیلامەوە سزای بە پێبژاردای ٣ ملیۆن تمەنی ئێرانی لە جیاتی بەندکردن بەسەریدا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە