دەستبەسەرکرانی دوو برای ئەندامی بنەماڵەیەکی دادخواز لە کامێران
دوو برای خەڵکی کامێران بەناوەکانی حیسام کەرەمی و سیروان کەرەمی، لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان و خزمی بورهان کەرەمی گیانبەختکردوو لە ڕەوتی بزووتنەو
هەنگاو: شەمە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣
دوو برای خەڵکی کامێران بەناوەکانی حیسام کەرەمی و سیروان کەرەمی، لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان و خزمی بورهان کەرەمی گیانبەختکردوو لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، حیسام کەرەمی، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "چرۆسانە" سەر بە شاری کامێران لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، سیروان کەرەمی، تەمەن ٣٥ ساڵ و برای حیسام کەرەمی، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانەوە دەستبەسەرکراوە. ناوبراو دوای تێپەڕاندنی چەند کاتژمێرێک لە ژێر ئەشکەنجەی تونددا و دەستگرتن بەسەر لاپەڕەکانی ناوبراو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و مۆبایلەکەی، ئازادکراوە.
هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە مەڕ هۆکاری دەستبەسەرکران حیسام و سیروان کەرەمی، ئامۆزایانی بورهان کەرەمی، لاوی گیانبەختکردووی ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کامێران، لەبەردەستدانییە و چارەنووسی حیسام کەرەمی لەدوای دەستبەسەرکرانییەوە بەناڕوونی ماوەتەوە.
بورهان کەرەمی، تەمەن ٣٠ ساڵ و دانیشتووی کامێران ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت سەر و ملی لە شەقامی "زەڕنە"ی ئەم شارە پێکرا و ڕاستەوخۆ گیانی لەدەست دا.