دەستبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو

دوو هاووڵاتیی لاوی خەڵکی سەرپێڵی زەهاوی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی پەیام ڕەنجبەر و عیرفان مورادی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و

٢٨ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٢١:١٧


هەنگاو: شەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

دوو هاووڵاتیی لاوی خەڵکی سەرپێڵی زەهاوی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی پەیام ڕەنجبەر و عیرفان مورادی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و دوای ٣ حەفتە هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ پەیام ڕەنجبەر، تەمەن ٢٣ ساڵ و عیرفان مورادی، تەمەن ٢٤ ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاون، ٢٢ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و تاکوو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و هیچ چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان لە شاری سەرپێڵی زەهاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات پەیام ڕەنجبەریان لە شەقامێکی ئەو شارەدا دەستبەسەر کردووە و دواتر هەڵیانکوتانە سەر ماڵەکەی و بە لێدانی و بێڕێزیکردن بە براکەی، دەستیان بەسەر کەلوپەلە تاکەکەسییەکانی ناوبراودا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هەروەها عیرفان مورادی لە ماڵی خۆیاندا بە شێوەیەکی دڕندانە کە دۆخێکی ترسێنەری بۆ ئەو بنەماڵەیە دروست کردووە، لەلایەن کۆمەڵێک لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی، ۶ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانیی ئەو بنەماڵانەی لێ کەوتووەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە