ئازادکردنی محەممەد شەمس، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی کۆتۆل لە زیندانی بابول

محەممەد شەمس، لاوی کوردی خەڵکی شاری کۆتۆل دوای نزیکەی ١١ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی مەتی کەلا لە بابول ئازاد کرا.

٢٩ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٠:٤٥


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

محەممەد شەمس، لاوی کوردی خەڵکی شاری کۆتۆل دوای نزیکەی ١١ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی مەتی کەلا لە بابول ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ محەممەد شەمس، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی ناوچەی "کۆتۆل"ی سەر بە شاری خۆی، پاش تێپەڕاندنی نزیکەی ١١ مانگ لە سزای یەک ساڵەکەی بەندکردنەکەی، ئازاد کرا و گەڕایەوە ماڵەوە.

ئەو بەندکراوە پێشتر سزای ٦ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو، بەڵام دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە ئەو سزایە بۆ یەک ساڵ کەم کرایەوە.

هەنگاو پێشتر وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە لە کاتێکدا محەممەد شەمس نەخۆشیی درێژخایەنی گرێی مێشکی هەیە، بەڵام لە گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بەمەبەستی چارەسەریی کیمیایی، بێبەری و بێبەش کراوە و هەروەها ڕایگەیاند: "ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوون و لێپرسینەوە و لێپێنینەوەکانیدا، لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا چوار ددانی لەدەست داوە.

محەممەد شەمش دانیشتووی شاری ساری بووە و سەرەتای مانگی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوە و بەرخۆدانی جەماوەریی خەڵکی ئەو شارەدا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە و بۆ بەندیخانەی تیرکەلای ئەو شارە گواستراوەتەوە و دواتریش بۆ بەندیخانەی بابل گواسترایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە