ڕاپۆرت/ دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتی لە شارەکانی جوانڕۆ، مەریوان و مەهاباد
سێ هاووڵاتیی لە شارەکانی مەریوان، جوانڕۆ، و مەهاباد بە ناوەکانی زانا پەروانە، موعین فەقیهی، و ئامانج خەستە لە ڕۆژانی ڕابرد
هەنگاو: دووشەممە ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣
سێ هاووڵاتیی لە شارەکانی مەریوان، جوانڕۆ، و مەهاباد بە ناوەکانی زانا پەروانە، موعین فەقیهی، و ئامانج خەستە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) زانا پەروانە، خەڵکی مەریوان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا.
هەر لەم ڕاستایەدا، هێزەکانی حکوومەت لە ڕۆژی هەینی ٢٧ی گەلاوێژ (١٨ی ئاگۆست)، بەبێ هەبوونی هیچ چەشنە بڕیارێکی دادوەر و بەڵگەی یاسایی هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی موعین فەقیهی، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ و ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەرکردووە.
لەدرێژەی ڕەوتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییاندا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢، ئامانج خەستە، خەڵکی شاری گۆگتەپە و دانیشتووی شاری مەهاباد، لە هێرشێکی هێزەکانی حکوومەتەدا بۆسەر ماڵەکەی دەستبەسەرکرا. هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردبووەوە کە لەو ڕۆژە لانی کەم ١٣ هاووڵاتیی لەشاری مەهاباد دەستبەسەرکراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی ٧ کەسیان ڕوونبووەتەوە.
زانا پەروانە، موعین فەقیهی، و ئامانج خەستە بەبێ بوونی هیچ بڕیارێکی دادگا و بەشێوەیەکی خۆسەرانە دەستبەسەرکراون. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەردەستدانییە.