ڕەحمان شەمس، سەربازێکی کوردی خەڵکی ماکۆ لە قەسرشیرین لەلایەن فەرماندەکەیەوە کوژرا

ڕەحمان شەمس، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ماکۆ و تەمەن ١٩ ساڵ، لە کاتی سەربازیی زۆرەملێ و لە سنووری شاری قەسرشیرینی پارێزگای کرماشان بە چەکی

٣٠ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٨:٤٢


هەنگاو: دووشەممە، ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

ڕەحمان شەمس، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ماکۆ و تەمەن ١٩ ساڵ، لە کاتی سەربازیی زۆرەملێ و لە سنووری شاری قەسرشیرینی پارێزگای کرماشان بە چەکی حکوومەتی لەناو بنکەی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەلایەن بەرپرسەکەیەوە کوژرا.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، ڕەحمان شەمس، سەربازێکی کوردی خەڵکی گوندی "کشمش‌تەپە"ی سەر بە شاری ماکۆ لە پارێزگای ئورمیە، بە چەکی حکوومەتی لە بنکەی پاسەوانیی سنووریی حکوومەت لە سنووری شاری قەسرشیرینی سەر بە پارێزگای کرماشان کوژرا.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سەربازە کوردە لە مانگی دووەمی سەربازیدا بووە و لەلایەن بەپرسەکەیەوە لە پشتەسەرەوە ڕاستەوخۆ تەقەی لێ کراوە و کوژراوە.

لەم پەیوەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاند؛ بنەماڵەی شەمس لە کاتی وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕە کوژراوەکەیان و لە وەڵامی پرسیارکردنیان لەسەر چۆنیەتیی کوژرانی کوڕەکەیان، هیچ وەڵامێکی ڕوون لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە پێیان نەدراوەتەوە.

هەروەها ناوەندە حکوومەتییەکان هەڕەشە لەو بنەماڵەیە کردووە کە نابێت هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان لە ڕاگەیاندن و هەواڵدەرییەکان و بەتایبەت ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤدا بڵاو بکرێتەوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا، لانی کەم هەشت لاوی کورد لە کاتی سەربازیی ناچاری و زۆرەملێدا خۆیان کوشتووە یان لەلایەن بەرپرسەکانیانەوە کوژراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە