بەردەوامی سەرکوتکردن لە کوردستان، دەستبەسەر کردنی چوار هاووڵاتی کورد لە بەدرە، کامێران مەهاباد و تیکاب لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە

چوار هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی یووسف فەتحیزادە خەڵکی بەدرە، ئەفشین ساعەدموچشی خەڵکی کامێران، ئەسغەر مەحموودی خەڵکی تیکاب و ئەمیر سەیدی دانیشتووی مەها

٣١ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٥:٤٢


هەنگاو سێشەممە ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

چوار هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی یووسف فەتحیزادە خەڵکی بەدرە، ئەفشین ساعەدموچشی خەڵکی کامێران، ئەسغەر مەحموودی خەڵکی تیکاب و ئەمیر سەیدی دانیشتووی مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کران. ژمارەی هاووڵاتییانی کورد کە لە مانگی گەلاوێژدا دەستبەسەر کراون گەیشتە ١٣٦ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٣١ی گەلاوێژ ٢٧٢٣ (٢٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، ئەسغەر مەحموودی، ٣٣ ساڵە و خەڵکی گوندی «ئەحمەدئاوای خواروو» سەر بە تیکاب لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کرا.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری، چوونە ناو ماڵی ئەسغەر مەحموودی و بە شێوەیەکی دڕندانە لێیانداوە، دەرگا و پەنجەرەکانیان شکاندووە و ماڵەکەیان پشکنیوە و ئەو هاوڵاتیانییەیان دەستبەسەر کردووە.

هەروەها کاتژمێرێک لەمەوبەر، یووسف فەتحیزادە ٣٤ ساڵە و خەڵکی شارۆچکە بەدرە سەر بە پارێزگای ئیلام، دوابەدوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەیان دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاند کە دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ توندوتیژی بووە و هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەو لاوەیان لەبەر چاوی دایکە بە تەمەنەکەی بە توندی ئەشکەنجە و بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان داوە.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی گەلاوێژ (٢١ی ئاگۆست) ئەمیر سەیدی ٢٦ ساڵە و خەڵکی شاری مەهاباد و ئەفشین ساعەدموچشی فیلمهەڵگری خەڵکی گوندی خامسان سەر بە کامێران، دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی حکومەتی بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری، هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کاری ئەمیر سەیدی لە پارکی میکاییل و ئەو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی حکومەتی دوای دەستبەسەر کردنی ئەفشین ساعەدموچشی کە لەگەڵ دایکی سەردانی نەخۆشخانەیەکی لە کامێران کردووە، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بەسەر شتە تایبەتیەکانی داگرتووە وەکوو لاپتۆپ و تابلێتی ئەو هاووڵاتییە.

تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە و شوێن و شێوازی مانەوەیان لە دوای دەستبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، بەر دەست نییە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی گەلاوێژی ٢٧٢٣ بە لایەنی کەمەوە ١٣٦ هاووڵاتی کورد لەلایەن هێزەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە