دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی کورد لە بۆکان و شنۆ

٣١ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٧:١٧


هەنگاو؛ سێشەممە ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردن و سەرکوتی چالاکانی کورد سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی سولەیمان ئەحمەدی، سەمەد شابۆیی و موبین دەهار لە شارەکانی بۆکان و شنۆ دەستبەسەرکران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٣ )، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی سولەیمان ئەحمەدی لە گوندی سەیداوا و دەستبەسەریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سولەیمان ئەحمەدی پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت بووە و بە بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراوە.

هاوکات هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی سینگان و گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵیان بە ناوی موبین دەهار بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی گەلاوێژ ( ٢١ی ئاگۆست )، سەمەد شابۆیی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی گوندی شاوانە دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەستبەسەرکراوە.

جێگای ئاماژەیە کە، برایەکی سەمەد شابۆیی بەناوی سیامەند شابۆیی کە لەچالاکانی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، ٢٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە نزیک شاری هەولێر؛ پایتەختی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تیرۆر کرا.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەو سێ کەسە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە