دەستبەسەرکردنەوەی دووبارەی ڕەزا ئولفەتی، وەرزشکاری خەڵکی شاری گیەڵان

ڕەزا ئەلفاتی، قارەمانی وەرزشی لەشجوانی و خەڵکی گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر

١ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٤:٢٥


هەنگاو: چوارشەممە، ١ی خەرمانانی ٢٧٢٣

ڕەزا ئەلفاتی، قارەمانی وەرزشی لەشجوانی و خەڵکی گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە. ناوبراو پێشتریش لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، ڕەزا ئەلفاتی، وەرزشکارێکی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکوومەتییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو وەرزشکارە لە گەڕەکی نۆبەهاری شاری کرماشان و دەستبەسەریان کردووە.

پێشتریش ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کرماشان لە گەڕەکی نۆبەهاری ئەو شارە و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ڕەزا ئولفەتی و هەروەها شوێن و بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە