سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی سزای ساڵێک بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچی بەسەردا سەپا

دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی سزای یەک ساڵ بەندکران، دوورخستنەوە و ٤٠ جار لێدانی قامچی بەسەر سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی، چالاکی مەدەنی و

١ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢١:٢٣


هەنگاو: سێشەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٣

دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی سزای یەک ساڵ بەندکران، دوورخستنەوە و ٤٠ جار لێدانی قامچی بەسەر سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی، چالاکی مەدەنی و ئەندامانی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین و خەڵکی کامێراندا سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا سەیوان ئیبراهیمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی کامێران سزای یەک ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان و ٤٠ جار لێدانی قامچی بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانی سنەوە بەسەردا سەپێندرا.

سەیوان ئیبراهیمی لەلاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا لەبارەی ئەم سزایەوە نووسیویەتی "یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکان بۆ سەپاندنی حوکم، دادگا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمن لە کردەوەی خۆم پاشەگەز نەبوومەتەوە و ئەوەی کردوومە لەسەر مافی ڕەوای گەلەکەم بووە".

لە ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژی ئەم ساڵ پرۆسەی دادگاییکردنی سەیوان ئیبراهیمی لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە لەژێر تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی نیزام" بەڕێوەچوو و بڕیاری سزا دەرکرا. هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٣١ی گەلاوێژ بەشێوەیەکی فەرمی ئەم سزایە بەناوبراو ڕاگەیەندراوە.

لە دۆسییەیەکی دیکەدا، ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی سنەوە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی نیزام"ی بەسەردا سەپێندراوە، کە لە ڕۆژی ٦ی خەرمانان دانیشتنی دادگاییەکەی بەڕێوەدەچێت.

سەیوان ئیبراهیمی لە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لە کاتێکدا بۆ بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هاوژینەکەی، زارا محەممەدی، سەردانی دادگای شاری سنەی کردبوو، دەستبەسەرکرا و ڕۆژی ٢٥ی ڕێبەندان بە دانانی بارمتە، هەتا کاتی تەواوبوونی دادگاییکردنی ئازادکرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە