دەستبەسەرکردنی محەممەدتاهیر حوسێنپوور، بەندکراوی سیاسی پێشووی خەڵکی نەغەدە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

محەممەدتاهیر حوسێنپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری نەغەدە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لەو شارە دە

٢ خەرمانان ٢٧٢٣، ٠٩:٠٧


هەنگاو: پێنجشەممە، ٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣

محەممەدتاهیر حوسێنپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری نەغەدە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لەو شارە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەک بە ناوی محەممەدتاهیر حوسێنپوور، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی شاری نەغەدە، لە ماڵەکەی خۆی لەو شارە و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکوومەتییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی محەممەدتاهیر حوسێنپوور کە بەندکراوی سیاسیی پێشوو بووە و وێڕای ئەوەی کە دۆخێکی نائارم و ترسێنەریان هێناوەتەوە ئاراوە، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی خەرمانانی ٢٧٢١، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری نەغەدە جارێکی تر دەستبەسەر کراوە و بۆ ئەو ناوەندە حکوومەتییە لە ئورمیە گواسترایەوە کە لە کۆتاییی مانگی خەرمانانی هەر ئەو ساڵەدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە گواسترایەوە.

ناوبراو سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢١، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانیی دژبەری حکوومەتی ئێران و بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری نەغەدە لە مانگی خەرمانانی ئەو ساڵە کە لەسەر کوژرانی هاووڵاتییەک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان ڕژابوونە سەر شەقام، ١٥ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

محەممەدتاهیر حوسێنپوور، لە مانگی بانەمەڕی ٢٧٢٢، دوای مانەوەی چەند مانگ لە بەندیخانە، ئازاد کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە