مەجید خادمی چالاکی خەڵکی بێهبەهان بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

مەجید خادمی، چالاکی کورد و خەڵکی شاری بێهبەهان دوای ئەوەی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بانگ کراوە و سەردانی ئەو ناوە

٢ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢١:١٥


هەنگاو: پێنجشەممە، ٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣

مەجید خادمی، چالاکی کورد و خەڵکی شاری بێهبەهان دوای ئەوەی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بانگ کراوە و سەردانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەی کردووە، دەستبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی ماوەی سزای بەندکردنەکەی ڕەوانەی بەندیخانە کراوە. ناوبراو پێشتر سزای ۶ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو کە دواجار بڕیاری ئەو سزایە کەمتر کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا مەجید خادمی، چالاکی کورد و خەڵکی شاری بێهبەهانی سەر بە پارێزگای خووزستان، لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی داواکاریی گشتی و شۆڕشی ئەو شارە بانگ کراوە و دوای دەستبەسەرکردنی ناوبراو، بۆ جێبەجێکردنی سزای ۵ ساڵ و ۵ مانگ و ١٨ ڕۆژ بەندکردنەکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی بێهبەهان کراوە.

شایانی باسە کە مەجید خادمی پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ماهشەر بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مێهران مێهماننەواز" بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بە مەبەستی هەوڵی تێکدانی ئاسایشی و ئارامی نیشتمانی" سزای ۶ساڵ و ٣ مانگ، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی" سزای ساڵێک و ٤ مانگ و هەروەها بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی" سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپا کە دواتر بڕیاری ئەو سزایە بۆ یەک لەسەر هشت سزاکەی کەم کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٠ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و پاش ڕاگیرانی مانگێک لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بێهبەهان بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گواسترایەوە.
دواجار لە ٢٥ی خەرمانانی ئەو ساڵەدا بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد و ۵٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە