سەپاندنی سزای ٣٩ مانگ بەندکردن بەسەر عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کورد

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کورد و خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای

٢ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢١:٤٥


هەنگاو: پێنجشەممە، ٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کورد و خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٣٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی ناسراوی کرێکاری و خەڵکی شاری سەقز، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مستەفایی"، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە" سزای ٣١ مانگ و ١۵ڕۆژ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینی" سزای ٧ مانگ و ١۵ڕۆژ بەندکردن، بە کۆی گشتی ٣٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

ئەو چالاکە کرێکارییە لە لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامی خۆی ڕایگەیاند؛ سزای ٣٩ مانگ بەندکردن بۆ ١۶ مانگ و وێڕای ماوەی دەستبەسەربوونی پێشووم کەم کراوەتەوە.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، پاش ٧٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ١ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.

عوسمان ئیسماعیلی، ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ لە شەقامی "شەهیدان"ی شاری سەقز لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندرا و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

ئەم هاووڵاتییە پێشتریش واتە ڕۆژی شەممە، ١٠ی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە دەستبەسەر کرا، بۆ گرتنگەی ئەم ناوەندە حکوومەتییە لە شاری سنە گواسترایەوە و دواتر واتە ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی بانەمەڕی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ١٤٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.

عوسمان ئیسماعیلی یەکێک لە چالاکانی کرێکاریی ناسراوانی خەڵکی شاری سەقزە کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هێز و ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگ یان دەستبەسەر کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە