بەیاننامەی کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی، مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆی شاری سەقز سەبارەت بە بەردەوامی دەستبەسەرکرانی سامان پاشایی

کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی، خوێندکار و مامۆستایانی زانکۆی شاری سەقز، سەبارەت بە بەردەوامی دەستبەسەرکرانی سامان پاشایی، مامۆستای زانکۆ و پاڵ

٣ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢٣:٣٧


هەنگاو: هەینی، ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣

کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی، خوێندکار و مامۆستایانی زانکۆی شاری سەقز، سەبارەت بە بەردەوامی دەستبەسەرکرانی سامان پاشایی، مامۆستای زانکۆ و پاڵەوانی پێشووی زۆرانبازی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تێیدا داوایان کردووە کە بە زووترین کات ناوبراو ئازاد بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چالاکانی فەرهەنگی، مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆی شاری سەقز سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربڕینیان بەرانبەر بە بەردەوامی دەستبەسەرکرانی سامان پاشایی لە بەیاننامەیەکدا داوایان کردووە کە هەموو مافە یاساییەکانی ناوبراو دەستەبەر بکرێت.

لەبەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا، جەخت لەسەر ناڕوونی چارەنووسی سامان پاشایی لە دوای دوو مانگ دەستبەسەرکرانییەوە کراوە وهۆکاری دەستبەسەرکرانی ناوبراو بە "بە کارێکی کەلەڕەقانە و لەبەرانبەر کار و چالاکی هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵەی سامان پاشایی لە دەرەوەی وڵات" باسکراوە.

لە درێژەدا واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە نووسیویانە کە "دەستبەسەرکرانی سامان پاشایی هەوڵێکە لە ڕاستای هەڵسپاردن و دوورخستنەوەی ناوبراو لە وانەبێژیی و ئەمەش یەکێک دەرەنجامەکانی نادادوارانەی ئەم سیناریۆیەیە... ئەگەر هەتا ئێستا بەڵگەیەک هەبوایە، دەبوو دوای دوو مانگ ئاشکرابکرێت."

هەروەها لەم بەیاننامەیەدا ڕاگیرانی سامان پاشایی لە دەستبەسەرگە بە "بێڕێزییەکی مەبەستدار بەرانبەر هەموو کۆمەڵگای زانستی و وەرزشی کوردستان" ناوبراوە و لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەم مامۆستاییەی زانکۆوە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و سەقزی بۆ سەر سامان پاشایی پشتڕاست کردبووە و نووسیبووی: سامان پاشایی، لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەریبووە و هەتا ئێستا تۆمەتە سەپێندراوەکان بەسەریدا ڕوون نەکراوەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٢ی جولایی ٢٠٢٣)، سامان پاشایی لە کاتی گەڕانەوەی لە شاری سنەوە بۆ سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەشێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەرکرا. ئەم هێزانە دواتر هەڵیانکووتایە سەر ماڵی سامان پاشایی و سەرەڕای پشکنین دەستیان بەسەر کۆمەڵێک لە کەلوپەلی تاکەکەسی ناوبراودا گرتبوو.

سامان پاشایی، دەرچووی بەشی فیزیۆلۆژی و خۆراکییە وەرزشییەکان، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی ئاکادیمیایی نەتەوەیی پزیشکی وەرزشی ئاماریکا، لە دوای دەستبەسەرکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوەتەوە و هەتا ئێستا ٤٥ ڕۆژ بەسەردەستبەسەرکرانیدا تێپەڕیوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە