مەترسی دیپۆرتکردنەوەی ئەمیر کەهریزی، پەنابەری سیاسیی کورد؛ گواستنەوەی ٢٠ پەنابەر بۆ شوێنێکی نادیار

لانی کەم ٢٠ پەناخوازی سیاسی لە شاری "ئەدێرنە"ی وڵاتی تورکیا بە فەرمانی کاربەدەستانی ئەم وڵاتە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. ئەمیر کەهریزی

٣ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢٣:٢١


هەنگاو هەینی ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣

لانی کەم ٢٠ پەناخوازی سیاسی لە شاری "ئەدێرنە"ی وڵاتی تورکیا بە فەرمانی کاربەدەستانی ئەم وڵاتە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. ئەمیر کەهریزی یەکێک لەو پەناخوازە سیاسییە کوردانەیە کە لە پێشتر مەترسی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێرانی لەسەرە و پێشتر هەنگاو لەم بارەیەوە ڕاپۆرتی لەسەر بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی، ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٢۵ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، ئەمیر کەهریزی، پەنابەری سیاسیی کورد و خەڵکی شاری کرماشان، هاوکات لەگەڵ لانی کەم ١٩ پەنابەری دیکە کە هێشتا ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرا نەکراوە، لە کەمپی "ئەدێرنە"ی وڵاتی تورکیا بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بە وتەی بنەماڵەی کەهریزی؛ ئەمیر کەهریزی لە پەیوەندییەکی کورتماوەی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە، ئەو پەنابەرانە لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و چارەنووسیان ناڕوونە و دیاری نییە دواتر بۆ کوێ دەگواسترێنەوە. هاوکات هەواڵە پشتڕاستنەکراوەکان باس لە گواستنەوەی ئەو پەنابەرانە بۆ شاری ئاگری لە باکووری کوردستان دەکەن.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٧ی مەیی ٢٠٢٣) ئەمیر کەهریزی، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەرکرا و لە ئێستادا مەترسی دیپۆرتکرانەوەی لەسەرە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند؛ ئەم چالاکە سیاسییەی خەڵکی شاری کرماشان، دوای دیپۆرتکرانەوەی لە یۆنانەوە بۆ تورکیا، لەگەڵ چەند پەناخوازێکی دیکەی ئێرانی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستبەسەر کراون و بۆ یەکێک لە بەندیخانەکانی شاری ئەدێرنە گواستراونەتەوە و لە ئێستادا بارودۆخی یاسایییان ناڕوونە.

شایانی باسە کە ئەمیر کەهریزی، ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێرانە و پێشینەی ١٠ ساڵ چالاکیی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو نیگەرانی جددیی خۆی لە بەرانبەر مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئێران و ئەشکەنجەکران و سەپاندنی سزای نایاسایی بەسەر ناوبراودا لەلایەن دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەردەبڕێت و داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی ناوەندەکانی پشتیوانی پەناخوازان دەکات کە دەستتێوەردانی بەپەلەیان هەبێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە