دەستبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی سەلاح بایەزیدی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار

سەلاح بایزیدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار، ١١ ڕۆژ لەمەوبەر بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەس

٤ خەرمانان ٢٧٢٣، ٠٨:٤٥


هەنگاو: شەممە، ٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣

سەلاح بایزیدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار، ١١ ڕۆژ لەمەوبەر بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەلاح بایزیدی، خەڵکی گوندی "کانیباخ"ی سەر بە شارەدێی لاجانی شاری پیرانشار، ماوەی ١١ ڕۆژە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە ماوەی ١١ ڕۆژی دەستبەسەربوونی ئەو هاووڵاتییەدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.

لەم بارەیەوە سەرچاوەیەک بە هەنگاوی ڕاگەیاند؛ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات نزیکەی کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەلاح بایزیدی و وێڕای شکاندنی دەرگای ماڵەکەی چوونەتە ژوورەوە و سەرەڕای ئەوەش کە دۆخێکی نائارام و ترسێنەریان هێناوەتە ئاراوە، بە شێوەیەکی دڕندانە ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیاری ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.

سەلاح بایزیدی، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١۵ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، لەلایەن کۆمەڵێک لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە