ڕاپۆرت؛ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی پەردەپۆشکردنی سیستەماتیکی کوشتنی ئاسۆ کەریمی، کۆڵبەری خەڵکی پاوە لەلایەن حکوومەتەوە

هەندێک وردەکاریی نوێی لەسەر کوژرانی ئاسۆ کەریمی، کۆڵبەری خەڵکی شاری پاوە ئاشکرا بوون کە ئاماژە بەوە دەکەن ناوەندە حکو

٤ خەرمانان ٢٧٢٣، ١١:٣٨


هەنگاو: شەممە، ٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣

هەندێک وردەکاریی نوێی لەسەر کوژرانی ئاسۆ کەریمی، کۆڵبەری خەڵکی شاری پاوە ئاشکرا بوون کە ئاماژە بەوە دەکەن ناوەندە حکوومەتییەکان بە شێوەی سیستەماتیک هەوڵی پەردەپۆشکردنی کوشتنی ئەو کۆڵبەرە دەدەن کە لە مانگی گەلاوێژ و لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتەوە کوژراوە. دزینی تەرمی ئاسۆ، بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و هەڕەشەکردن لە کەسوکاری نزیکی ئەم کۆڵبەرە، بەشێک لەو هەوڵانەن لە نێوان هێزە چەکدارەکانی حکوومەت جێگیر لە سنووری پاوە، سوپای پاسداران، پزیشکی داد و دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا کە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن بە شێوە سیستەماتیک هەوڵی پەردەپۆشکردنی کوژرانی ئەو کۆڵبەرە دەدەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سوپای پاسداران لە بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ەوە لە کوژرانی ئاسۆ کەریمی ئاگادار بووە و جیا لەوەی کە شاردوویەتیەوە، هەوڵی پەردەپۆشکردنیشی داوە. سوپای پاسداران بە مەبەستی شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی کوژرانی ئەو کۆڵبەرە، هاوئاهەنگیی پێویستی لەگەڵ بنکەی هێزە چەکدارەکانی ئێران جێگیر لە "ملەندەری"ی پاوە، پزیشکی دادی کرماشان و داواکاری گشتیی پاوە کردووە و پێکەوە هەوڵی پەردەپۆشکردنی کوژرانی ئەو کۆڵبەرەیان داوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، دوای ئەوەی کە تەرمی ئاسۆ کەریمی لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە لە نزیک شارۆچکەی "شۆشمێ"ی سەر بە شاری نەوسوود دۆزرایەوە، نزیکەی کاتژمێر ٥: ٠٠ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی گەلاوێژ، هێزەکانی سوپای پاسداران تەرمەکەیان بە ئەمبوڵانس لە شوشمێیەوە بۆ پاوە گواستەوە و بنکەی هێزە چەکدارە حکوومەتییە جێگیرکراوەکان لە ملەندەر کە ١٥ کیلۆمەتر لە پاوە دوورە، بە هاوئاهەنگیی پێشوەختە لە ئامادەباشیی تەواودا بوون.

لەم بارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادارە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: ئەم هێزانە ئەمبوڵانسەکەیان لە بەردەم بینای ئیرشادی پاوە و پێش ئەوەی بگەنە بینای پزیشکی داد، بە بیانووی "کێشەی تەکنیکی" ڕاگرتووە و دواتر ئۆتۆمبێلەکەیان بە خێرایییەکی زۆرەوە بەرەو بنکەی ئاگرکوژێنەوەی پاوە بردووە و لەوێشەوە تەرمەکەیان بۆ ناو ئەمبوڵانسێکی دیکە گواستووەتەوە، لە کاتی گواستنەوەی تەرمەکەش تەنیا دایک و باوکی ئەو کۆڵبەرە لەگەڵ تەرمەکە ڕێگەیان پێ دراوە بچنە ناو ئەمبوڵانسی دووهەمەوە.

بەگوێرەی ئەو وردەکارییانەی دەستی هەنگاو کەوتووە، ئەمبوڵانسی دووەم تەرمەکەی بردووە بۆ فەرمانگەی پزیشکی دادی کرماشان و لەوێشەوە لە کاتێکدا تەنیا نیشانەی گوللە لەسەر توێڵی ئاسۆ کەریمی هەبووە، ناوەند و هێزە حکوومەتییەکان بەڵێنیان لە کەسوکارەکەی وەرگرتووە کە وا نیشان بدەن ناوبراو بەهۆی "کێشە و ناکۆکیی تاکەکەسی و بە لێدانی زەربەیەکی قورس" کوژراوە تاکوو تەرمی کوڕەکەیان ڕادەستیان بکەنەوە.

لە درێژەدا، تەرمی ئاسۆ کەریمی بە سەرپەرستیی هێزە حکوومەتییەکان گەڕێندرایەوە بۆ شاری پاوە و بەئەنقەست لە دەوروبەری کاتژمێر ٣ی بەیانی تەرمەکەیان گەیاندەوە ئەو شارە. ئەم هێزانە بە فریودان و بەلاڕێدابردنی ڕای خەڵکی ئامادەبوو بۆ پێشوازی لە تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوژراوە، ڕایانگەیاند کە لە نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممەدا تەرمەکە ئەسپەردە دەکرێت و دوای بڵاوەپێکردنی ئەو خەڵکی ئامادە، شەو بە نهێنی تەرمەکەیان ئەسپەردە کرد.

هێزەکانی سوپای پاسداران هەڕەشەیان لە شایەتحاڵانی ئەو تاوانە و بەتایبەت بنەماڵەی ئاسۆ کەریمی کردووە؛ ئەگەر بەپێچەوانەی ئەوەی کە سوپای پاسداران دیاری کردووە بجووڵێنەوە و باس بکەن، دەستبەسەر دەکرێن.

هەروەها نەوید سەحرایی، داواکاری گشتیی شاری پاوە، وابێژیی ئەوەی کردووە کە هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە سنووری پاوە و لەو شوێنەی کە تەرمی ئاسۆ کەریمی لێی دۆزرایەوە، نەبوون و هیچ بەڵگەیەک نییە کە تەقە لەم کۆڵبەرە کرابێت. ناوبراو پێشتر ڕووماڵی هەواڵی کوشتنی ئەم کۆڵبەرە و برینداربوونی ٧ کۆڵبەری دیکە کە لەگەڵ ئاسۆ بوون، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتەوە بە "چەواشەکاری و تێکدانی ڕای گشتی" لەقەڵەم دا.

ئەمە لە کاتێکدایە شایەتحاڵەکان باسیان لەوە کردووە کە کۆمەڵێک بەڵگە و نیشانەی جیددی هەیە کە تەرمی ئاسۆ کەریمی بۆ بیست مەتریی ناو خاکی هەرێمی کوردستان گواستراوەتەوە، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران لەنێوان کوشتنی ئەو کۆڵبەرە و دۆزینەوەی تەرمەکەیدا ئەم کارە بە بەمەستی چەواشەکاریی تاوانەکە کراوە.

هەنگاو جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هاوکات لەگەڵ تەقەکردنی هێزە حکوومەتییەکان لە ئاسۆ کەریمی، لانی کەم ٧ کۆڵبەری دیکەش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە سنووری شۆشمێ بریندار بوون و سیناریۆی ناوەندە حکوومەتییەکان تەنیا بۆ چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکانە. پێشتر ناسنامەی ئەو ٧ کۆڵبەرە بە ناوەکانی ئیحسان ڕەسووڵی، خەڵکی پاوە، میلاد بازانی، ئومێد وەیسی، نیما عەزیمی، سەلام وەیسی و هۆشیار بازانی، خەڵکی جوانڕۆ و کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی فەرشاد و خەڵکی سەلاسی باوەجانی، بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە