دەستبەسەرکردنی سیروان مەلاقازی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی سیروان مەلاقازی، بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا

٤ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٣:٠٥


هەنگاو: شەممە، ٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی سیروان مەلاقازی، بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ١ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، سیروان مەلاقازی، تەمەن ٣٤ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، کۆمەڵێک لە هێزە حکوومەتییەکان بە ٣ ئۆتۆمبێل و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سیروان مەلاقازی و وێڕای ئەوەی کە دۆخێکی ترسێنەر و نائارامیان هێناوەتەوە ئاراوە، ناوبراویان بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کردووە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و هەروەها شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە