دەستبەسەرکرانی خالید مێهرئاسا، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سەوڵاوا لە مەریوان

چالاکێکی ژینگەپارێز بەناوی خالید مێهرئاسا، خەڵکی سەوڵاوا، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی حکوومەت دەستبەسەرکراو و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.

٥ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٢:٣١


هەنگاو: یەکشەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣

چالاکێکی ژینگەپارێز بەناوی خالید مێهرئاسا، خەڵکی سەوڵاوا، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی حکوومەت دەستبەسەرکراو و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر دەی شەوی شەممە، ٤ی خەرمانان ٢٧٢٣ (٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) خالید مێهرئاسا، تەمەن ٣٤ ساڵ، چالاکی ژینگەپارێز و خەڵکی گوندی "ڕوار" سەر بە سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا.

بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، زیاتر لە دە کەس لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە سێ ئۆتۆمبێلی جۆری پەیکان، پژۆ و هایلۆکس هەڵیانکووتاوەتە سەر دوکانی خالید مێهر ئاسا لە مەریوان و بە شێوەیەکی توندوتیژانە ناوبراویان دەستبەسەرکردووە.

خالید مێهرئاسا باوکی کچێکی کەم تەمەنە و دۆخی دەروونی کچەکەی لەدوای دەستبەسەرکرانی باوکییەوە ناجێگیری باسکراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەم چالاکی ژینگەپارێزییە لەبەردەستدانییە و شوێنی ڕاگیران و دۆخی تەندروستی ناوبراو بە نەزانراوی ماوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە