دەستبەسەر کردنی مامۆستا محەممەد شەریفی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە شاری بۆکان

مامۆستا محەممەد شەریفی مامۆستای ئایینی کورد و خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەکارهێنانی

٥ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢٠:٣٢


هەنگاو؛ یەکشەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣

مامۆستا محەممەد شەریفی مامۆستای ئایینی کورد و خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٢٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، مامۆستا محەممەد شەریفی، تەمەن ٣٧ ساڵە و خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزەکانی حکومەتی بە هێرش کردن بۆ سەر ماڵی ئەم مامۆستایە و دواتر شکاندنی دەرگا و پەنجەرە و پشکنینی ماڵەکەی دەستبەسەریان کردووە.

هەنگاو زانیویەتی کە هێزەکانی حکومەت دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتی وەکوو لاپتۆپ و مۆبایلی مامۆستا محەممەد شەریفی و هاوژینەکەی و هەروەها کامێرای چاودێری ماڵەکەیان و کتێبەکانیدا گرتووە.

تاوەکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەر کردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ مامۆستا محەممەد شەریفی و چارەنووس و شوێنی مانەوەی، هیچ زانیارییەکی ورد بەردەست نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە