بانگکردن و سەپاندنی سزای قەدەغەکردنی چوونە دەرەوە لە ئێران بەسەر بنەماڵەی ئازاد حوسێنپووری

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد شەهرووز حوسێنپووری، برای ئازاد حسێنپووری، گیانبەختکردوویەکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری مەهابادیان بانگ ک

٥ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢١:٣٨


هەنگاو: یەکشەممە، ۵ی خەرمانانی ٢٧٢٣

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد شەهرووز حوسێنپووری، برای ئازاد حسێنپووری، گیانبەختکردوویەکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری مەهابادیان بانگ کردووە و ئاگاداریان کردوووەتەوە کە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی سزای قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەیان لە ئێران بەسەردا سەپاوە و پێویستە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە بە زووترین کات سەردانی ئەم ناوەندە حکوومەتییە بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٢٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، شەهرووز حوسێنپووری، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازێکی شاری مەهاباد، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگ کراوە و وێڕای چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە سزای قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەیان لە ئێران بەسەر ئەندامانی بنەماڵەکەیدا سەپاوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد ئاگاداریی داوە بە شەهرووز حوسێنپووری کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا دەبێت لەگەڵ هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەیان سەردانی ئەو ناوەندە حکوومەتییە بکەن و پاسپۆرت و مۆبایلەکانیان ڕادەستی ئەو ناوەندە بکەن.

هەروەها هەڕەشەی کوشتنی ئەندامانی ئەو بنەماڵە دادخوازەیان لە شەهرووز حوسێنپووری کردووە کە لە ئەگەری بەشداریکردنی هەرکام لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە هەر ڕێوڕەسمێکی گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکییەکی وەها بکەن، لەلایەن هێز و ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەکوژرێن.

پێشتر واتە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، شیرین حوسێنپووری، فەریبا حوسێنپووری، شیما حوسێنپووری، شەهرووز حوسێنپووری و زاواکەیان بە ناوی ڕەحمان ئیسماعیلی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە بانگ کراون و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و لێپێچینەوەیان لێ کراوە.

ئازاد حوسێنپووری، پزیشکی ددان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و درەنگانی شەوی پێنجشەممە، ١٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە شاری مەهاباد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت کوژرا.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۶۵ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازەکانی ئێران لەلایەن هێز و ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و دەیان کەسی دیکەش بانگ کراون و لێپرسینەوە و لێپێچینەوە و هەروەها هەڕەشەی جۆراوجۆریان لێ کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە