شەش کەس لە دەستبەسەرکراوانی گوندی "ئاغەرە" هەتا ئێستا دەستبەسەرن

شەش کەس لە دەستبەسەرکراوانی مانگی ڕابردووی گوندی "ئاغەرە" سەر بە شاری تیکاب هەتا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە و لە دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکاندا ڕاگیراون.

٦ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٢:٤٢


هەنگاو: دووشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٣

شەش کەس لە دەستبەسەرکراوانی مانگی ڕابردووی گوندی "ئاغەرە" سەر بە شاری تیکاب هەتا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە و لە دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکاندا ڕاگیراون. ئەم شەش کەسە بریتین لە: خەلیل ئافتابی، ئەحمەد ئافتابی، ئیسماعیل تەیمووری، ڕێبوار بەرفر، حامید ئەنوشە و یەعقووب ئەسکەندەری.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی ٢٨ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی شەش کەس لە خۆپیشاندەرانی خەڵکی گوندی ئاغەرەی تیکاب بەناوەکانی خەلیل ئافتابی، ئەحمەد ئافتابی، ئیسماعیل تەیمووری، ڕێبوار بەرفر، حامید ئەنوشە و یەعقووب ئەسکەندەری، هەتا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە و ئەم هاووڵاتییانە لە دەستبەسەرگە حکوومەتییەکانی شاری ئورمیە ڕاگیراون.
لەماوەی دەستبەسەرکرانییانەوە هەتا ئێستا، ئەم شەش هاووڵاتییە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەریبوون.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی دەستبەسەرکرانی خۆپیشاندەرانی ئاغەرەوە بڵاویکردبووەوە: ڕەزا موزەفەر، فەرماندی نیزامی تیکاب، خۆپیشاندەرانی بە "تێکدەری نەزم و ئاسایش" ناودێرکردبوو و هۆکاری دەستبەسەرکرانیشیانی بەهۆی "بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی نایاسایی" ڕاگەیاندبوو. هەر لەمبارەوە مێهدی تەقی زادە، دادستانی گشتی و شۆڕشی تیکاب ڕایگەیاندبوو کە بۆ "تۆمەتباران دۆسییەی دادوەری کراوەتەوە."

لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی دووشەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، هێزەکانی حکوومەت هەڵیان کوتایە سەر گوندی ئاغەرە و سەرەڕای دەستبەسەرکردنی زۆرتر لە ٥٠ هاووڵاتیی و بریندارکردنی سێ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆ، زیانێکی زۆریان بە ماڵ و ئۆتۆمبێلی خەڵکی ئەم گوندە گەیاند.

هاووڵاتییانی گوندی ئاغەرە بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دانەمەزراندنی هاووڵاتیی خۆجێی لە کانی زێڕی ئەم گوندە دەستبەسەرکران. هەنگاو ناسنامەی ٢٩ کەسی لە دەستبەسەرکراوان ئاشکراکرد.
ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، ٤٦ کەس لە دەستبەسەرکراوانی گوندی ئاغەرە سەر بە تیکاب، بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکان لە ئورمیە گواسترانەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە