بەردەامیی گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی هاوکارانی هەنگاو؛ ڕفاندنی سارۆ موستەئجێر، برای ژیلا موستەئجر

سارۆ موستەئجێر، لاوی خەڵکی شاری سەقز و برا بچووکی ژیلا موستەئجێر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتل

٦ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٣:٥٧


هەنگاو: دووشەممە، ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٣

سارۆ موستەئجێر، لاوی خەڵکی شاری سەقز و برا بچووکی ژیلا موستەئجێر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، سارۆ موستەئجێر، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە ماڵی خۆیاندا لەو شارەدا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕفێندراوە.

سارۆ موستەئجر، برای بچووکی ژیلا موستەئجێر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێشتریش تەنیا بەهۆی چالاکییەکانی ژیلای خوشکی لە بواری مافەکانی مرۆڤ، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە چەندین جار بانگ و هەڕەشەی لێ کراوە. سەرەڕای ئەوەی کە سارۆ موستەئجێر هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوەوە نەبووە و لەگەڵ خوشکەکەشیدا تەنیا پەیوەندیی بنەماڵەیی و خوشک و برایانە هەیە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بانگ و لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لێ کراوە و بەهۆی گوشاری دەروونیی لەڕادەبەدەر، بە شێوەی زۆرەملێ ناچاریان کردووە دان بە هاوکاریی خۆی لەگەڵ ژیلا موستەئجێر دا بنێت.

ئەم هەوڵانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەروبەندی ساڵڕۆژی دەستپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا تەنیا بە مەبەستی گوشارخستنە سەر ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و بەڕێوەبەران و ئەندامانی هەنگاوە.

پاش دەستبەسەرکردنی سارۆ موستەئجێر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانی ئەو لاوە لە بەردەستدا نییە.

شایانی باسە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بنەماڵەی هاوکارانی ڕێکخراوی هەنگاو لە ناوخۆی وڵات چەندین جار لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکان و بەتایبەت ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتەوە بانگ کراون و وێڕای ئەوەی کە گوشاریان خستووەتە سەریان، لەلایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییانەوە هەڕەشەشیان لێ کراوە. ئەم گوشار و هەڕەشانەی حکوومەت تەنیا لە ناوخۆی ئێراندا سنووردار نەبووە و ئەندامانی هەنگاو لە ئورووپاش لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە و لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی وڵاتانی نیشتەجێبوونیانەوە لە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاگادار کراونەتەوە، بەم هۆکارەشەوە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی خۆی لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگەی گشتکردنیان بۆ هەموو شوێنێک و بەتایبەت شوێنگەلێکی هەستیاریان پێ نادرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئیدانە و شەرمەزارکردنی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیەی ناوندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم کارە نەشیاو و بێڕەوشتانەیە بە بارمتەگرتنی حکوومەتی لەقەڵەم دەدات و حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاراستنی گیانی سارۆ موستەئجێر بە بەرپرسیار دەزانێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە