بانگکردن و هەڕەشەی کوشتن لە بنەماڵەی چالاکێکی سیاسی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری شنۆ

ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری شنۆ بە بانگ کردن و ئەشکەنجە کردنی حامید حوسێنزادە، باوکی ئاکام حوسێنزادە چالاکی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردس

٧ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢٠:١٥


هەنگاو؛ سێشەممە ٧ی خەرمانان ٢٧٢٣

ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری شنۆ بە بانگ کردن و ئەشکەنجە کردنی حامید حوسێنزادە، باوکی ئاکام حوسێنزادە چالاکی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەڕەشەیان لەم هاووڵاتییە کردووە کە لە ئەگەری بەردەوام بوونی چالاکییە سیاسییەکانی کوڕەکەی، ئەندامانی بنەماڵەکەیان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەکوژرێن.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حامید حوسێنزادە، ٥٠ ساڵە و خەڵکی گوندی " شاوانە" سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگکراوە و بە کوشتنی خۆی و بنەماڵەکەی هەڕەشەی لێکراوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ هەڕەشەیان لەم بنەماڵەیە کردووە کە ماڵەکەیان بەسەردا دەڕووخێنن و دەست بەسەر سامانەکەیاندا دادەگرن، هەروەها باوکی ئاکام حوسێنزادە ئاگادار کراوەتەوە کە لە ئەگەری بەردەوام بوونی چالاکییەکانی کوڕەکەی، دەبێت بە زووترین کات وڵاتی ئێران بەجێبهێلن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پێشتریش لە مانگی خاکەلێوەی ٢٧٢٢، حامید حوسێنزادە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری شنۆ دەستبەسەر و بۆ ماوە مانگێک لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە حکوومەتییەدا بووە.

شایەنی باسە کە، ئاکام حوسێنزادە، کوڕی حامید حوسەینزادە، چالاکی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵانی پێشووتردا چەندین جار هەڕەشەی تیرۆر کردن و دەستبەسەرکرانی بنەماڵەکەی لەلایەن هێزەکانی حکومەتی لێکراوە و لە ژێر گوشاردا بووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا لە مانگی پوشپەڕی ئەم ساڵەدا، سێ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی سیامەند شابۆیی، خەڵکی گوندی شاوانە سەر بە شاری شنۆ و عادل (سەرباز) موهاجر و لوقمان ئاجی هەر دوو خەڵکی شاری پیرانشار لە باشووری کوردستان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تیرۆر کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە