مەهاباد؛ پێنج هاووڵاتیی دەستبەسەکراوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، سزای ٥٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپا

چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی یاسین مستەفاپوور، سەلاح مووسەویڕاد، ئیرەج ئیبراهیمزادە و بێهنام ڕاسخنیا و هەروەها هاووڵ

٧ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢٢:٢٩


هەنگاو: سێشەممە، ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣

چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی یاسین مستەفاپوور، سەلاح مووسەویڕاد، ئیرەج ئیبراهیمزادە و بێهنام ڕاسخنیا و هەروەها هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی شاری ئورمیە بە ناوی ڕەحیم شەمعی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٥٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەریاندا سەپاوە. ئەم هاووڵاتییانە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا ڕەحیم شەمعی، تەمەن ٢٦ ساڵ و هاووڵاتیی کورد و دانیشتووی شاری ئورمیە، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر"سەجاد دێهقانزادە"، بە تۆمەتی "تێکشکاندن و لەناوبردنی کەرەستە و سامانە گشتییەکان"، سزای ٥ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی "تێکدانی سامان و شوێنە گشتییەکان" ساڵێک و ٦ مانگ بەندکردن، بە تۆمەتی "دروستکردنی جۆرەکانی تەقەمەنی" ٥ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی "یاخیگەری بەرانبەر بە هێزە حکوومەتییەکان" سزای ٢ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی "تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی" ساڵێک بەندکردن و سەرجەم سزای ١٤ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. هەروەها دوو قاتی بەهای کەرەستە سامان و شتە گشتییەکان سزای پێبژاردنی پارە و لێدانی ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها یاسین مستەفاپوور، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن ئەو دادگایەوە بە تۆمەتی "تێکشکاندن و لەناوبردنی کەرەستە و سامانە گشتییەکان" سزای ٥ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی "تێکدانی سامان و شوێنە گشتییەکان" سزای ساڵێک و ٦ مانگ بەندکردن، بە تۆمەتی " یاخیگەری بەرانبەر بە هێزە حکوومەتییەکان"، سزای پێنج ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی " تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی" سزای ساڵێک بەندکردن و سەرجەم سزای ٩ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو شارە بە ناوەکانی سەلاح مووسەویڕاد، تەمەن ٢٨ ساڵ و ئیرەج ئیبراهیمزادە، تەمەن ٢٤ ساڵ، بە تۆمەتی "تێکشکاندن و لەناوبردنی کەرەستە و سامانە گشتییەکان" سزای ٤٢ مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی " تێکدانی سامان و شوێنە گشتییەکان" سزای ساڵێک و ٦ مانگ بەندکردن، واتە هەرکامیان سەرجەم سزای ٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

هەر لە درێژەی بڕیاری ئەم دادگایەدا بێهنام ڕاسخنیا، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، بە تۆمەتی "تێکشکاندن و لەناوبردنی کەرەستە و سامانە گشتییەکان" سزای ٥ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە تێکدانی سامان و شوێنە گشتییەکان" سزای ساڵێک، ٦ مانگ و بە تۆمەتی "سووتاندنی بەڵگەنامە تاکەکەسییەکان" سزای ١٠ ساڵ بەندکردن و سەرجەم سزای ١٦ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی یاسای کۆی سزاکان، قورسترین سزا بۆ ڕەحیم شەمعی و یاسین مستەفاپوور هەرکامیان سزای ٥ ساڵ بەندکردنیان بۆ بڕاوەتەوە، سەلاح مووسەویڕاد و ئیرەج ئیبراهیمزادە، هەرکامیان سزای ٤٢ مانگ بەندکردنیان بۆ بڕاوەتەوە و هەروەها بێهنام ڕاسخنیا سزای ١٠ ساڵ بەندکردنی بۆ بڕاوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە