دەستبەسەرکردنی حاسڵ ئازەرمیان، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکردنەکەی

چالاکێکی ئایینیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی حاسڵ ئازەرمیان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٧ ساڵ بەندکردنەکەی، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کر

٨ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٧:٢٧


هەنگاو: چوارشەممە، ٨ی خەرمانانی ٢٧٢٣

چالاکێکی ئایینیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی حاسڵ ئازەرمیان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٧ ساڵ بەندکردنەکەی، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٦ مانگ لە بەندیخانەی ناوەندەیی ئورمیەدا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، حاسڵ ئازەرمیان، تەمەن ٢٨ ساڵ و باوکی دوو منداڵ، پاش ئەوەی کە لەلایەن دادگای جێبەجێکردنی سزاکان لە پیرانشار بانگ و سەردانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەی کردووە، دەستبەجێ دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٧ ساڵ بەندکردنەکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کراوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو هاووڵاتییە لە بەهاری ئەمساڵدا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری ئورمیە سزای ٧ ساڵ بەندکردنی بەسەدا سەپاوە.

شایانی باسە کە هەواڵی دەستبەسەرکردن و هەروەها سەپاندنی ئەو سزایە بەسەر ئەو هاووڵاتییە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە، هەتا ئێستا میدیایی نەبووەتەوە و هەنگاو وەکوو یەکەم سەرچاوەی میدیایی دەکاتەوە.

ناوبراو لە مانگی سەرماوەزی ٢٧٢٢ و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دواجار لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا بە دانانی بارمتەی ٢ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە