ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر دەستبەسەرکردنی ٧٠ ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکان و سەپاندنی سزای بەندکردن و قامچی بەسەر چوار کەسیاندا

ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ئەمساڵەوە (٢٧٢٣) لانی کەم ٧٠ ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکانیان لە شارە جیاوازکاندا دەستبەسەر کردووە و

٩ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٣:٤٦


هەنگاو: پێنجشەممە، ٩ی خەرمانانی ١٤٠٢

ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ئەمساڵەوە (٢٧٢٣) لانی کەم ٧٠ ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکانیان لە شارە جیاوازکاندا دەستبەسەر کردووە و لە سەروبەندی ساڵڕۆژی دەستپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا زیاتر پەرەیان بە ڕەوتی گرتن و دەستبەسەرکردنەکان داوە. هاوکات چوار کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازەکانی شاری سنە سزای بەندکردن و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی بەڵگە و ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە (زیاتر لە ٥ مانگ واتە ١٦٣ ڕۆژ)، لانی کەم ٧٠ ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون کە تەنیا لە شاری سنە ٢٤ کەس دەستبەسەر کراوە و وەک زۆرترین ڕێژەی ئەم ئامارە تۆمار کراوە، هەروەها لە پیرانشار ٧ کەس وەک دووەم شار و لە ئیسفەهان ٥ کەس وەک سێیەم شار تۆمار کراون.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ٩ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ و ٣١ ئەندامی ژن لە بنەماڵەی دادخوازەکان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

شایانی باسە کە حەسەن دەرئۆفتادە و باوکی کۆمار دەرئۆفتادە، لاوێکی گیانبەختکردووی تەمەن ١٦ ساڵ کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لە شاری پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژرا، ڕۆژانی شەممە و چوارشەممە، ٢١ و ٢٥ی خەرمانان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دوو جار لەو شارە دەستبەسەر کراوە.

لەنێوان ئەو ٣٩ کەسەی ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازەکانی کوردستان کە دەستبەسەر کراون، چوار کەسیان بە ناوەکانی هاشم ساعێدی، حەسەن ئەمینی، عەبدەلڕەحمان نەسری و ئارمان حەبیبی، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکان لە شاری بۆکان، هەرکامیان سزای ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچییان بەسەردا سەپاوە.

هەنگاو پێشتر لە ڕووماڵی هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازەکاندا ڕایگەیاندووە؛ ناوەندە حکوومەتییەکان هۆشداری و ئاگادارییان بەو بنەماڵانە داوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی لەدایکبوون و ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی منداڵەکانیان بەڕێوە ببەن و ئەگەر لەو بڕیارەش سەرپێچی بکەن "لێکەوتەی خراپی بۆیان دەبێت". هەروەها هێز و ناوەندە حکوومەتییەکان دەستیان بەسەر موبایلی بەشێک لەو بنەماڵانەدا گرتووە و مافی هیچ جۆرە چالاکییەکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە.

لە دویین حاڵەتی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی ئەو بنەماڵانەدا، فەرهاد زارع، خەڵکی شاری بابۆڵ و برای میلاد زارع، گیانبەختکردوویەکی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لەو شارە دەستبەسەر کراوە. میلاد زارع لە ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت کوژرا.

هەنگاو جارێکی تر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەندێک حاڵەتی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازەکان بەهۆی هەڕەشەکانی ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێران لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو کەسانە، هەواڵی دەستبەسەربوون و سزادانیان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تۆمار نەکراون و لە ڕاگەیاندنەکانیشدا بڵاو بەکراونەتەوە، ئەگینا ئامارە ڕاستەقینەکان زۆر زیاترن لەوەی کە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو؛ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان بنەماڵەی دادخواز لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە بانگ کراون و لێپرسینەوە و لێپێچینەوەیان لێ کراوە و سەرەڕای ئەوەش، هەڕەشەیان لێ کراوە کە نابێت لە ساڵڕۆژی دەستپێکی "ژن، ژیان، ئازادی"دا هیچ چالاکییەکیان ببێت و خەڵک بهێننە سەر شەقامەکان یان ببنە هۆکاری ئەوەی کە خەڵک بێنە سەر شەقامەکان.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە