دەرکردنی بەکۆمەڵی ٣٨ کرێکاری کۆمپانیای نەوت و گازی بانکوڵی ئەیوان

٣٨ کرێکاری کۆمپانیای نەوت و گازی "بانکوڵ"ی شاری ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلام، دوای ئەوەی کە داوای مووچەی مانگانە و مافەکانی خۆیانیان

٩ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢٢:٠٧


هەنگاو: پێنجشەممە، ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣

٣٨ کرێکاری کۆمپانیای نەوت و گازی "بانکوڵ"ی شاری ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلام، دوای ئەوەی کە داوای مووچەی مانگانە و مافەکانی خۆیانیان کردووە، لە کارەکانیان لەو کۆمپانیایە دەرکران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا ٣٨ کرێکاری کوردی خەڵکی شاری ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلام کە لە پرۆژەی نەوت و گازی "بانکوڵ"ی ئەو شارە کاریان دەکرد، بەهۆی داخوازی و داواکارییەکانیان لەسەر پێدانی مووچەی مانگانەی مانگی خەرمانان و مافەکانی دیکەی خۆیان، لە کارەکانیان لەو کۆمپانیایە دەرکران.

بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی کە بە هەنگاو گەیشتوون؛ خاوەنکار و کارگێڕی کۆمپانیای نەوت و گازی بانکوڵ لە شاری ئەیوان، سەرەڕای بڕیاری دەرکردنی ئەو ٣٨ کرێکارە دامەزراوە، سکاڵای یاساییشی لەسەریان تۆمار کردووە.
شایانی باسە کە ئەو کەسانە پێشتر بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە گوێنەدانی بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایە بە داواکارییە هەڵپەسێردراوەکانیان لە مانگی خەرمانان، مانیان گرتبوو.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ ئەم پرۆژەیە ڕادەستی سوپای پاسداران کراوە و ئەم ڕێکخراوە سەربازییە حکوومەتییەش کەسانی مۆرەی خۆی لەو کۆمپانیایە بە جێی کرێکارە دەرکراوەکان دامەزراندووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی شەممە، ٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣، حەیدەر موحسینی، باوکی دوو منداڵ و کرێکاری پێترۆکیمیایی (پتروشیمی) لە شاری "چەوار"ی سەر بە پارێزگای ئیلام، پاش ئەوەی کە لە کارەکەی دەرکراوە، کۆتایی بە ژیانی زۆی هێنا و گیانی لەدەست دا. هەروەها پێشتریش عەلی‌محەممەد کەریمی و محەممەد مەنسووری، دوو کەس لە فەرمانبەرانی ئەم کۆمپانیایە بەهۆی دەرکردن لە کارەکانیان، کۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێنا و گیانیان لەدەست داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە