دەستبەسەرکردنی ٢٦٤ هاووڵاتی لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٣، لانی کەم ٢٦٤ هاووڵاتی

١١ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٢:٤٨


هەنگاو: شەممە، ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٣
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٣، لانی کەم ٢٦٤ هاووڵاتی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا دەستبەسەر کراون. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشووتر کە ٢٢٥ هاووڵاتی دەستبەسەر کرابوون، ٣٩ حاڵەت کە دەکاتە ١٧٪ زیادی کردووە.

بەپێی ئەم ئامارە، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٣دا لانی کەم ١١٦ هاووڵاتیی کورد، ٢٢ هاووڵاتیی بەلووچ، هەروەها ٣٦ هاووڵاتیی ژن، ١١ هاووڵاتیی منداڵ و ١٧ هاووڵاتی بەهایی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

زیاتر لە ٤٤٪ی دەستبەسەرکراوان لە هەموو ئێراندا هاووڵاتیی کورد بوون

بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆست ٢٠٢٣دا لانی کەم ١١٦ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە دەکاتە ٤٤٪ کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانی مانگی ڕابردوو لە سەرانسەری ئێراندا.

هەروەها لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، لانی کەم ٢٢ هاووڵاتیی گیلەک کە دەکاتە ٨.٣٪ی سەرجەم دەستبەسەرکراوەکان، ٢٠ هاووڵاتیی تورک کە دەکاتە ٧.٦٪ی هەموو دەستبەسەرکراوان و ١٤ هاووڵاتیی بەلووچ کە دەکاتە ٥.٣٪ی سەرجەم دەستبەسەرکراوەکان لە سەرانسەری ئێراندا دەستبەسەر کراون.

دەستبەسەرکردنی پەیڕەوانی کەمینە ئایینییەکان

دەستبەسەرکردنی پەیڕەوانی کەمینە ئایینییەکان لە مانگی ئاگۆستیش وەک مانگەکانی پێشووتر لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەردەوام بووە و لە ماوەی ئەو مانگەشدا لانی کەم ٢٤ چالاکی ئایینی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ١٧ کەس لەو چالاکە ئایینییانەی دەستبەسەر کراون، پەیڕەوی ئایینی بەهایی بوون کە ١٠ کەسیان ژن و ٧ کەسیشیان پیاو بوون. هەروەها لە ماوەی ئەو مانگەدا لانی کەم ٥ چالاکی سوننە لە شارە جیاجیاکانی بەلووچستان و دوو چالاکی تریش لە کوردستان دەستبەسەر کراون.

دەستبەسەرکردنی ٢٩ ژن و ٧ منداڵ لە مانگی ئاگۆستدا
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٣٦ ژن لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە لە سەرانسەری ئەو وڵاتە دەستبەسەر کراون کە دەکاتە ١٣.٦٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

شایانی باسە کە مانگی ڕابردوو، لانی کەم ١٥ ژنی چالاکی کورد و ١١ ژنی چالاکی بەهایی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها لەم ماوەیەدا لانی کەم ١١ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لە سەرانسەری ئێران لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٦ کەس لەو منداڵانەی دەستبەسەر کراون کورد، ٢ منداڵی بەلووچ و ٣ منداڵیش لە شارەکانی مەشهەد، نەوشهەر و تاران بوون.


بەندکرانی مامۆستایان، خوێندکاران، هونەرمەند، ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی ڕاگەیاندن

بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٤ خوێندکار و مامۆستایەکی قوتابخانە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە کە ٣ خوێندکاریان کورد بوون.

شایانی باسە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٦ ڕۆژنامەنووس و چالاکی ڕاگەیاندن و هەروەها ٧ هونەرمەند و ئەکتەر لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە ناسنامەی سەرجەم ئەو ٢٦٤ کەسە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە