ئەیووب ئاغڵیانی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران دەستبەسەر کرا

ئەیووب ئاغڵیانی، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی شاری شنۆ کە پاییزی ساڵی ڕابردوو لە کاتی شۆرشی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر و لە دوو دۆسیە، بەندکران و قا

١١ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٥:١٩


هەنگاو؛ شەممە ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٣

ئەیووب ئاغڵیانی، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی شاری شنۆ کە پاییزی ساڵی ڕابردوو لە کاتی شۆرشی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر و لە دوو دۆسیە، بەندکران و قامچی بەسەردا سەپێندرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە گوازرایەوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) ئەیووب ئاغڵیانی خەڵکی شاری شنۆ دوای بانگهێشت و دەستبەسەرکران لەلایەن بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای شنۆ بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمی چوار ساڵ بەندکران بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازرایەوە.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر ئەم لاوە کوردە ڕایگەیاندووە ئەیووب ئاغڵیانی، لە ڕێبەندانی ٢٧٢٢ و لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ئورمیە بە تۆمەتی "تێکدانی کەرەستە گشتییەکان بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی نیزام و تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" سزای یەک ساڵ و پێنج مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو پێشتر لە مانگی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ژمارە ٢ی شنۆ سزای ١٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و ٧٠ جار لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرابوو و دواتر ئەو سزایە بۆ ٤ ساڵ بەندکران کەمکرابوویەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە ئەیووب ئاغڵیانی لە دۆسییەیەی سێیەمیدا، ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢، لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمییەوە بانگهێشت کراوە و سەبارەت بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" و "تێکدانی کەرستەی گشتی بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی نیزام و ڕاپەڕینی چەکدارانە بەرانبەر حکومەتی ئیسلامی" (موحاڕەبە و ڕاپەڕینی چەکدارانە لەبەرانبەر حکومەتی ئیسلامی" دادگایی کراوە.

ئەیووب ئاغڵیانی ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شاری شنۆ لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر و لە کۆتاییدا ڕۆژی دووشەممە ٥ی پووشپەڕ دوای ٢٦٢ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٢١ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئورمیە ئازاد کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە