مۆڵەتی کارکردنی دامەزراوەی پەروەردەی "ڕۆژنۆباری زانستی کوردستان" هەڵوەشایەوە
وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامی ئێران، مۆڵەتی دامەزراوەی پەروەردەی ڕۆژنۆباری زانستی کوردستانی هەڵوەشاندەو
هەنگاو: شەممە ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٣
وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامی ئێران، مۆڵەتی دامەزراوەی پەروەردەی ڕۆژنۆباری زانستی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و بەردەوامی کارکردنی ئەم دامەزارەوەیەی قەدەغەکرد.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مۆڵەتی کارکردنی دامەزراوەی ڕۆژنۆباری زانستی کوردستان بە بیانووی "بە فەرمیکردنی زمانی کوردی"، لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڵوەشایەوە. ئەم دامەزراوە پەروەردەییە لە شەش ساڵ پێشەوە لەسەر ئاستی قوروە و دێولان کاری کردووە.
سیرووس عەباسی و هاوژینەکەی فەریدە وەیسی، کە بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە دەستبەسەرکراوانی ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"ین، وەک دامەزرێنەرانی ئەم دامەزراوەیە، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایانگەیاند: "ئێمە ئەم کارەی حکوومەت بە کارێکی بێ بنەما، نا یاسایی و نا دادپەروەرانە دەبینین".
لەبەشێکی ئەم پەیامە ڤیدییۆیەدا کە ڕوو بە ڕای گشتی بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بە هەڵسوکەوت و سەرکوتی ناوەندە حکوومەتییەکان بەرانبەر بە چالاکییە مەدەنییەکان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی سیستەمی ناوەندگەرا کراوە و هاتووە: "سیستەمی پەوەردەی ئێران، تێکەڵێکە لە سیستەمی کۆڵۆنیالیزم و ئایدۆلۆژییک کە لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی لە ڕێگەی پەروەردەوە سەپاندووە و ئاکامەکەی ژینۆسایدی فەرهەنگی بووە".
لەم پەیامە ڤیدیۆیییەدا جەخت لە زیانە کۆمەڵایەتییەکانی پەروەردەی سیستماتیک کراوتەوە و "نەخوێندەواری هەست" وەک یەکێک لە دەرنجامەکانی باسکراوە و هاتووە: "ئێمە وەک دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی زانستی کوردستان، بەمەبەستی داکۆکیکردن و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆمان و کەمکردنەوەی زیانەکان، لە ساڵی ٢٧١٧ ئەم دامەزراوەیەمان دامەزراند".
لەبەشی کۆتایی ئەم پەیامەدا ڕوو لە بەرپرسیاران بەرانبەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەم دامەزراوەیە هاتووە "لەوانەیە بتوانن دامەزراوەی زانست دابخەن، بەڵام بێگومان ناتوانن ڕێ لە فێربوون و زانست بگرن."
دامەزراوەی پەروەردەی ڕۆژنۆباری کوردستان لە ساڵی ٢٧١٧ی کوردی، دوای هەوڵەکانی فەریدە وەیسی و سیروس عەباسی، مۆڵەتی فەرمی کارکردنی لە وەزارەتی پەوەردە و بارهێنانی ئێران وەرگرت و کاروچالاکییەکانی خۆی لە ڕاستای فێرکردنی زانست دەستپێکرد و بە سەدان خوێندکاری گەیاندووەتە زانکۆ بەناوبانگەکان.
سیروس عەباسی لەگەڵ براکەی ئازاد عەباسی، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ و لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەرکران و دوای تێپەڕاندنی ٣٢ ڕۆژ لە بەندی تاکەکەسی بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە گواسترانەوە.
سیرووس عەباسی دوای ئازادی بە دانانی بارمتە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی دێولانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی نیزام"، سزای ١٠ مانگ بەندکردن، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" سزای ١٨ مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی گشتی" سزای ٤٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
پێشتر لە ڕۆژی ٢٤ی بەفرانباری ٢٧١٨، سیرووس عەباسی و هاوژینەکەی فەریدە وەیستی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکران و لە ڕەشەممەی هەمان ساڵ بە دانای بارمتە بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوون. ئەم دوو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەری دامەزراوەی ڕۆژنۆباری زانستی کوردستان سزای ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵسەپێندراویان لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوەە بەسەردا سەپێندرا.