گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی محەمەد ئاریان خۆشگوار لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە شاری سنە بە مەبەستی پاشگەزبوونەوە لە سکاڵاکەیان

بەرپرسان و ناوەندە ئەمنییەکان لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی گوشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازەکان زیاتر کردووە و هەر لەم پەیوەندیی

١٢ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٤:٠٢


هەنگاو: یەکشەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣
بەرپرسان و ناوەندە ئەمنییەکان لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی گوشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازەکان زیاتر کردووە و هەر لەم پەیوەندییەدا بنەماڵەی ئاریان خۆشگوار لاوی کوردی خەڵکی سنە لە ژێر زەخت و گوشار بۆ وەرگرتنەوەی سکاڵاکەیاندان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، حەسەن عەسگەری، لە بەرپرسانی پێشووی سوپای پاسداران و فەرمانداری ئێستای شاری سنە، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی دادخوازی محەممەد ئاریان خۆشگوار گرتووە و هاوکات لەگەڵ هەرەشە کردن لێیان وتوویە دەتوانن بە وەرگرتنی دیە و خوێن بەهای کوڕەکەیان لە سکاڵاکەیان پاشگەز ببنەوە و لە ئەگەری ئەنجامنەدانی ئەم کارە تووشی کێشەی ئەمنیەتی دەبن.

بە پێی ئەو بەڵگانەی بۆ هەنگاو نێردراون، ئەم بنەماڵە سەرەرای تۆمار کردنی سکاڵا لە دادگۆستەری، زانیویانە دۆسیەکە بە بێ هیچ هەوڵێکی کاریگەر و بێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک داخراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئاریان خۆشگوار، سەرەڕای هەرەشەی جددی، ئەم بنەماڵە بە هیچ شێوازێک ئامادە نین خوێن بەها وەربگرن و دۆسیەی کوژرانی کورەکەیان دابخەن.

محەمەد ئاریان خۆشگوار لاوی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی شاری سنە، ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە ڕۆژانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە چەقۆ و باتۆم لەلایەن هێزە تایبەتەکان ئەم شارەوە بریندار کرا.
ئەم لاوە ناڕازییە، لە کۆتاییدا ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، دوای چوار مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە گیانی لەدەست دا.

هەنگاو پشڕاستی دەکاتەوە کە لە شارەکانی کوردستان دەزگای دادوەری هیچ سەربەخۆییەکی نیە و لە دۆسیە ئەمنییەتیەکاندا بەگوێرەی بڕیاری ناوەندە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە و بڕیار دەدات، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسی دادگوستەری کوردستان لە دەرەوەی چوارچێوەی کاری خۆی، لەسەر ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی هەڕەشەی لە هاووڵاتییان کردووە

بەڵگەکانی دۆسیەکە دەرخەری ئەوە ڕاستییەن کە لێکۆڵینەوەکان لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی لقی ١ی دەزگای دادوەریی تایبەت بە هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە پارێزگای سنە دەستی پێ کردووە و ئەو دادوەرە داوای لە فەرماندەییی هێزی ئینتزامیی سنە کردووە کە بەدواداچوون بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەی پزیشکی لە نەخۆشخانەی کەوسەر و پزیشکی دادوەریی سنە بکات. بەڵام ئەوەی تاکوو ئێستا بۆ هەنگاو ناڕوونە، ئەوەیە کە بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ئەو دۆسیەیە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە (ناوەندەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران) هیچ کام لە داخوازییەکانی دادیاری وەڵام نەدراوەتەوە و لە کۆتاییدا بەهۆی گوشاری ئەو هێزە حکوومەتییانەوە دۆسیەکە بە داخراوی و بەبێ هیچ ئاکامێکی دیاریکراو ماوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە