گیانلەدەستدانی گوماناویی حەسەن جووجەگەڵوانی، بەندکراوی سیاسیی کورد چەند مانگ دوای ئازادبوونی

حەسەن جووجەگەلوانی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار کە دوای تێپەڕاندنی سزای پێنج ساڵ بەندکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەب

١٣ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٢:١٦


هەنگاو: دووشەممە، ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣

حەسەن جووجەگەلوانی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار کە دوای تێپەڕاندنی سزای پێنج ساڵ بەندکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل ئازاد کرابوو، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا و ناوەندە حکوومەتییەکان ڕێگرییان لە پشکنینی تەرمەکەی لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، حەسەن جووجەگەلوانی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری پیرانشار، پاش چەند مانگ دوای ئازادبوونی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل، گیانی لەدەست دا.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، کاتێک خوشکی حەسەن چووبووە ژوورەکەی بۆ لە خەوهەستاندنی براکەی، دەبینێت ئەو بەندکراوە سیاسییە ئازادکراوە گیانی لەدەست داوە و مردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە هەنگاوی ڕایگەیاندووە: ئەو بنەماڵەیە دوای ئەوەی کە زانیان کوڕەکەیان مردووە، خێرا پەیوەندییان بە ڕێکخراوی فریاکەوتنەوە کردووە و تیمە نێردراوەکانی ئەم ڕێکخراوە لە ماڵی جووجەگەڵوانی ڕایانگەیاندووە کە پێویست ناکات ببرێتە پزیشکی دادوەری، هەر لەو ڕۆژدا بەبێ گوێدان بە داواکاریی بنەماڵەکەی بۆ ئەوەی کە تەرمی حەسەن ببرێتە پزیشکی دادوەری هەتا توێکاری پزیشکی بۆ بکرێتو هۆکاری مردنەکەی ڕوون ببێتەوە، ئەسپەردەیان کردووە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی جووجەگەڵوانی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "ناوەندە حکوومەتییەکان ناچارمانیان کردووە خێرا تەرمی حەسەن ئەسپەردە بکەین و ڕێگەیان نەداوە تەرمەکە ببەین بۆ پزیشکی دادوەری و وتوویانە کە بە هۆکاری ڕاوستانی دڵ مردووە."

ئەم ئەندامەی بنەماڵەی جووجەگەڵوانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "حەسەن جووجەگەڵوانی هیچ جۆرە نەخۆشییەکی دڵی نەبووە".

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو هاووڵاتییە تا کۆتاییی ماوەی پێنج ساڵەی بەندکرانەکەی لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری بووە و هەروەها وێڕای پێشینەی کۆماری ئیسلامی لە کوشتنی بێدەنگ و نهێنیی نەیار و دژبەران یان ناڕزاییان و ڕەخنەگرانی، مەرگی ئەم بەندکراوە سیاسییە زۆر گوماناوییە و نیشانەکانی باری جەستەیی و دەروونیی دوای ئازادبوونیشی وەها گومانێکی لەو شێوەیە زیاتر دەکات.

هاوکات لەگەڵ گیانلەدەستدانی گوماناویی ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشووە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣، جەواد ڕۆحی، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری ئامۆلی سەر بە پارێزگای مازەندەران، بە شێوەیەکی گوماناوی و نهێنی لە بەندیخانەی نەوشاری ئەم پارێزگایە گیانی لەدەست دا. گیانلەدەستدانی ئەم بەندکراوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ئەشکەنجەی دڕندانەی جەستەیی و دەروونیی ناوبراو، بووەتە هۆی ئەوەی چالاکان و ڕێکخراو و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەو بوارەدا بکەن.

ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٩ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، حەسەن جووجەگەڵوانی، دوای تێپەڕاندنی سزای پێنج ساڵەی بەندکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل ئازاد کرا.
ناوبراو خەڵکی پیرانشار و ئەندامی سوپای پاسداران و فەرماندەی بنکەکەیەکی سوپای پاسداران لەسەر سنوور بوو کە ڕۆژی شەممە، ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧١٨ (١٩ی مەیی ٢٠١٨) لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری ئورمیەوە دەستبەسەر کرا.

دواجار ڕۆژی چوارشەممە، ١ی گەلاوێژی هەمان ساڵ (١ی ئاگۆستی ٢٠١٨)، لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"، سزای ٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا و بۆ بەندیخانەی ئەردەبیل گواسترایەوە کە ئەم سزایەش لە دادگای پێداچوونەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

شایانی باسە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعاتی ئورمیەدا بووە و هەروەها لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەشی لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە