درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنی پێنج چالاکی ژینگەپارێزی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە

ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ماوەی دەستبەسەرکردنی پێنج چالاکی ژینگەپارێزی کورد و خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی ئازاد ڕووحی، لایق ئەحمەدی، سەرکەوت ع

١٣ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٣:٢٤


هەنگاو: دووشەممە، ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣

ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ماوەی دەستبەسەرکردنی پێنج چالاکی ژینگەپارێزی کورد و خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی ئازاد ڕووحی، لایق ئەحمەدی، سەرکەوت عیبادی، ئالان ئەردەشیری و دلێر محەممەدی، سەرەڕای ئەوەی کە باری تەندروستییان ناجێگیرە، بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ زیاتر لە مانگێک بەسەر دەسبەسەرکرانی پێنج چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان تێپەڕ دەبێت و هەنووکە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ماوەی دەستبەسەرکردنیانی مانگێکی دیکە درێژتر کردووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئازاد ڕۆحی و لایق ئەحمەدی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە بەهۆی نەخۆشیی سییەکانیان و کێشەی هەناسەدانیانەوە کە بەهۆی کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەی بەردەوامی دارستانەکانی مەریوان لە ساڵانی ڕابردوودا تووشی بوون، لە دۆخێکی دژواردان و ئەمەش نیگەرانییەکی بنەماڵەکانیانی لێ کەوتووەتەوە.

هەنگاو پێشتر لەسەر دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکە ژینگەپارێزانە ڕایگەیاند کە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و نووسیبوویەتی: "دایکی ئالان ئەردەشێری بەهۆی دەستبەسەرکردنی کوڕەکەیەوە تووشی جەڵتەی دڵ بووە. دوای ئەوەی لە شەودا هێزەکانی ئیدارەی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان و کوڕەکەیان دەستبەسەر کردووە، تەندروستیی ئەو دایکە تێک چووە و بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە".

ئازاد ڕۆحی، لایق ئەحمەدی و سەرکەوت عیبادی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ و دلێر محەممەدی، خاوەن بڕوانامەی ئەندازیاریی کارەبا و دانیشتووی گوندی "باڵک"ی سەر بە شاری مەریوان و هەروەها ئالان ئەردەشێری، تەمەن ٣٢ ساڵ کە هەردووکیان دانیشتووی شاری مەریوانن، ڕۆژی ١١ی گەلاوێژ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە