ئیلام/ چوار خۆپیشاندەری دەستبەسەرکراو بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لێوەکانی خۆیان دووریەوە

سێ بەندکراوی خەڵکی ئاودانان بەناوەکانی وەحید چاوران، ناسر ڕەزایی و محەممەد حوسێن حاسڵی و دکتۆر بەختیار محەممەدزادە خەڵکی دەڕەشار بەمەبەستی

١٣ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٥:٥٣


هەنگاو: دووشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣

سێ بەندکراوی خەڵکی ئاودانان بەناوەکانی وەحید چاوران، ناسر ڕەزایی و محەممەد حوسێن حاسڵی و دکتۆر بەختیار محەممەدزادە خەڵکی دەڕەشار بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە دۆخی ڕاگیران و خراپی تەندروستی وەحید چاوران لە دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلام بە دوورینەوەی لێوەکانیان مانیان لەخواردن گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، وەحید چاوران، ناسر ڕەزایی، محەممەدحوسێن حاسڵی و دکتۆر بەختیار محەممەدزادە مانیان لە خواردن گرت.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دەستبەسەرکراوانە لە ڕۆژی دووشەممەوە ١٣ی خەرمانان لە درێژەی ناڕەزایەتی دەربڕینایان لە ڕێگای مانگرتن لە خواردن لێوەکانیان دووریەوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند، بارودۆخی تەندروستی وەحید چاوران، بەهۆی "بەزۆر دەرخواردانی بەردەوامی دەرمانی عەساب" لە دەستبەسەرگا ناجێگیرە و ئەم لاوە تووشی ڕەفتاری بێ ئیرادەی خۆی بووە.
دکتۆر بەختیار محەممەدزادە کە پێشتر بەڕێوەبەری دەرمانگایەک لە دەڕەشار بووە، لە ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣، دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام دەستبەسەرکراوە.

محەممەد حوسێن حاسڵی، دانیشتووی شاری سەراب باغ سەر بە شاری ئاودانان، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی حکوومەتدا دەستبەسەرکرا.

هەروەها وەحید چاوران، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، بەشێوەیەکی توندوتیژانە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا.

ناسر ڕەزایی، یەکێکی دیکە لە هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، دوای بانگکرانی بۆ دادگای دێلوڕان دەستبەسەرکرا. ناوبراو پێشتر لە ڕۆژی دووشەممە ١ی جۆزەردانی ئەم ساڵ دەستبەسەرکرابوو و بە دانانی بارمتە ئازادکرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە