مردنی گوماناوی دووەم بەندکراوی سیاسیی دوای ئازادیی لە بەندیخانە

ئارمان سەنگی، بەندکراوی سیاسی پێشووی خەڵکی بانە، دوای تێپەڕاندی دوو ساڵ لە بەندیخانە، سێ مانگ دوای ئازادیی گیانی لەدەست دا. ناوبراو دووەم

١٣ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢١:٥٥


هەنگاو: دووشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣

ئارمان سەنگی، بەندکراوی سیاسی پێشووی خەڵکی بانە، دوای تێپەڕاندی دوو ساڵ لە بەندیخانە، سێ مانگ دوای ئازادیی گیانی لەدەست دا. ناوبراو دووەم بەندکراوی سیاسیی کوردە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوای ئازادی لە بەندیخانە، گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٢ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، ئارمان سەنگی، خەڵکی  بانە و بەندکراوی سیاسی پێشوو، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئارمان سەنگی، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی شاری شیرازی کردبوو، تەرمەکەی دوای دوو ڕۆژ لە شوێنی مانەوەی لەم شارەدا دۆزرایەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، بەدوداچوونەکانی هەنگاو لەمبارەیەوە بەردەوامە. باوکی ئەم بەندکراوە سیاسییە، چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەنگاو لەم ڕاستایەدا ڕەدکردەوە.

لەکاتێکدا ئەم لاوە پێش دەستبەسەرکران و دادگاییکردنی، پێشینەی هیچ چەشنە نەخۆشییەکی دڵ و زگماکی نەبووە، هۆکاری مردنەکەی بە "جەڵتەی دڵ" ناودێرکراوە.

دوو ساڵ پێش، لە بەهاری ٢٧٢١، ئارمان سەنگی دوای بانگکرانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا و دوای دادگاییکردنی بۆ بەندیخانەی کەهریزەک گواسترایەوە. ناوبراو لە بەهاری ئەم ساڵ دوای تەواوکردنی ماوە سزاکەی لە بەندیخانە ئازادکرابوو.

هەر لەم ڕاستایەدا، لە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣، حەسەن جوجەگەڵوانی، بەندکراوی سیاسی پێشوو، دوای تێپەڕینی چەند مانگ بەسەر ئازادیی لە بەندیخانە، گیانی لەدەست دا.

حەسەن جوجەگەڵوانی خەڵکی پیرانشار دوای ئازادیی لە بەندیخانە باری دەروونی و جەستەیی بە شێوەیەکی بەرچاو ناجێگیربووە و سەرەڕای سەردانی بەردەوامی بۆ لای پزیشک، جەستەی بێ گیانی ناوبراو لە ماڵی خوشکەکەی دۆزرابووەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە