دەستبەسەرکردنی سەفا عائێلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

لە درێژەی گوشارەکانی ناوەند و هێزە حکوومەتییەکان بۆ بنەماڵەی دادخوازەکانی کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی دادخواز ژینا ئەمینی، سەفا عائێلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی لە

١٤ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٣:٤٧


هەنگاو: سێشەممە، ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣

لە درێژەی گوشارەکانی ناوەند و هێزە حکوومەتییەکان بۆ بنەماڵەی دادخوازەکانی کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی دادخواز ژینا ئەمینی، سەفا عائێلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ١٤ خەرمانانی ٢٧٢٣ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەفا عائێلی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خاڵۆی بچووکی ژینا ئەمینی و وێڕای خولقاندنی دۆخێکی نالەباری پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ، ناوبراویان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە دەستبەسەر کرد.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە پێنج ئۆتۆمبێل و بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە لە گەڕەکی "چەم وەلی‌خان"ی شاری سەقز و دوای دەستبەسەرکردنی، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ خاڵۆی ژینا ئەمینی و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

لە سەروبەندی ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت لە شاری تاران و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی لە کوردستان و ئێران، گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازەکان زیادی کردووە و بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو؛ لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٧٢ ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و هەروەها گوشارەکانی سەریان هەر بەردەوامە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە