سنووری بانە/ دوو کۆڵبەر بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بریندارکران
دوو کۆڵبەر بەناوەکانی حامید فەرەج پوور خەڵکی سەقز و بێهزاد کەریمی خەڵکی بانە لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری بانەدا کەوتنە بەرتەقەی ڕاستەوخ
هەنگاو: سێشەممە ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣
دوو کۆڵبەر بەناوەکانی حامید فەرەج پوور خەڵکی سەقز و بێهزاد کەریمی خەڵکی بانە لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری بانەدا کەوتنە بەرتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت و بەسەختی برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، حامید فەرەج پوور، کۆڵبەر و خەڵکی سەقز لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بریندارکرا.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، گوللە بەر سمت و گورچیلەی حامید فەرەج پوور کەوتووە و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە بانە گواستراوەتەوە. لە ئێستادا ئەم کۆڵبەرە نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
پێشتر لە ڕۆژی دووشەمە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣، بێهزاد کەریمی، کۆڵبەری خەڵکی بانە، لە سنووری کێلێی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت پێکرا و بەسەختی بریندار بوو.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە بێهزاد کەریمی، بەهۆی قووڵی برینەکانییەوە بەمەبەستی چارەسەری بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی بانە گواسترابووەوە.