پارسا قوبادی، یەکێک لە بریندارەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەرکرا

پارسا قوبادی، خەڵکی کامێران و دانیشتووی کرماشان، کە یەکێک لە بریندارانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتە

١٦ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٣:١٧


هەنگاو: پێنجشەممە ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢٣

پارسا قوبادی، خەڵکی کامێران و دانیشتووی کرماشان، کە یەکێک لە بریندارانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) پارسا قوبادی، خۆپیشاندەری تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی گوندی شایەنی کامێران، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی حکوومەت بۆسەر شوێنی کارەکەی باوکی لە کرماشان دەستبەسەرکرا.

پارسا قوبادی لە ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕی ئەم ساڵ، لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی بڵاویکردبووەوە کە دوای سەردانە بەردەوامەکانی بۆ لای پزیشک، کەمێک لە بینایی چاوە بریندارەکەی گەڕاوەتەوە.
دەستبەسەرکران و ببێبەریکرانی پارسا قوبادی لە چارەسەری پزیشکی و دەرمانەکانی، ئەگەری چاکبوونەوەی چاوی خستووەتە مەترسی جددییەوە.

ئەم منداڵە تەمەن ١٨ ساڵە، لە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە کرماشان، کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی ساچمەیی هێزەکانی حکوومەت و چاوی بە سەختی برینداربوو. هەتا ئێستا پرۆسەی چارەسەری پارسا قوبادی بەردەوامە و بەهۆی دەستبەسەرکرانییەوە ناتەواوی ماوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە