دستبەسەرکردنی سیرووس و ئازاد عەباسی، دوو برا و چالاکانی مەدەنیی خەڵکی دێولان

سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی، دوو برا و چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی ناسراوی خەڵکی شاری دێولان، دوای ئەوەی کە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێران

١٨ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢٠:٤٩


هەنگاو: شەممە، ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٣
سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی، دوو برا و چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی ناسراوی خەڵکی شاری دێولان، دوای ئەوەی کە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بانگ کراون و سەردانی بۆ ئەو ناوەندە حکوومەتییەکان کردووە، دەستبەجێ دەستبەسەر کراون. ئەم دوو هاووڵاتییە ساڵی ڕابردووش لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا جارێکی تر دەستبەسەر کراون و سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، سیرووس عەباسی چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی و ئازاد عەباسیچالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی شاری دێولانی سەر بە پارێزگای سنە، دوای ئەوەی کە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بانگ کراون و سەردانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەیان کردووە، دەستبەجێ دەستبەسەر کراون.

فەریدە وەیسی، هاوژینی سیرووس عەباسی لە لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامی خۆی لەم بارەیەوە نووسیویەتی؛ ئەم دوو چالاکە فەرهەنگییە بەهۆی ئەوەی کە پێی دەوترێت "پاشگەزنەبوونەوە لە هەڵوێست و کار و چالاکییەکانیان" دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراون.

دەستبەسەرکردنی ئەم دوو چالاکە دوای ئەوە دێت کە، مۆڵەتی فەرمیی چالاکیی "ڕێکخراوی زانستی کوردستان" لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامییەوە هەڵوەشاوەتەوە. ئەو ڕێکخراوەیە ساڵی ٢٧١٧ لەلایەن فەریدە وەیسی و سیرووس عەباسی، دوو هاوژینی خەڵکی شاری دێولان دامەزرا و لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لە بواری پەروەردە، فەرهەنگی، بارهێنان و ڕاهێنان چالاکییان کردووە.

سیرووس عەباسی هاوژینەکەی بە ناوی فەریدە وەیسی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم ڕێکخراوەیە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەیامێکی ڤیدیۆییی لەسەر هەوڵوەشانەوەی مۆڵەتی ڕێکخراوەی زانستی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕایانگەیاند: "ئێمە کارێکی لەو شێوەیە بە بێ بنەما و نایاسایی و ناڕەوا دەزانین".

ئەو دوو برایە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و پاش ٣٢ ڕۆژ لە بەندی تاکەکەسی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترانەوە. دوای ئەوەی کە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران، لەلایەن دادگای تاوانەکان لە شاری دێولان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی" سزای ١٠ مانگ بەندکردن، بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای ١٨ مانگ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بە دژی ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٤٨ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپا.

شایانی باسە کە ئێستا دوای یەک ساڵی ڕێک لە دەستبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، جارێکی تر و بە بیانوویەکی ترەوە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراونەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە