کەیوان نەبی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکردنەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

کەیوان نەبی، دەستبەسەرکراوێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری پیرانشار کە پێشتر سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردنی بە

١٩ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٠:٤٢


هەنگاو: یەکشەممە ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣

کەیوان نەبی، دەستبەسەرکراوێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری پیرانشار کە پێشتر سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، کەیوان نەبی، تەمەن ٢٨ ساڵ، باوکی منداڵێک و هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار، پاش ئەوەی کە لەلایەن دادگای جێبەجێکردنی سزاکان لەو شارە بانگ کراوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە کرا.

پێشتر کەیوان نەبی لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ٣٢ مانگ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بە دژی ئاسایشی ئێران" سزای ٤٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە کە سەرجەم سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردن.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە ماڵەکەی خۆی لە شاری پیرانشاری بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە پاش ماوەیەک لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکان لە ئورمیە و پیرانشار بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە و دواجار بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لەو بەندیخانەیە ئازاد کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە