دەستبەسەرکرانی ٣٥ ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیا لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە

هێزەکانی حکوومەت لە هێرشێکدا ٣٥ ئەندامی چالاکی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی سەوزی چیایان لە گوندی "نجێ" سەر بە شاری مەریوان دەستبەسەرکر

٢٠ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٠:٢٠


هەنگاو: دووشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣

هێزەکانی حکوومەت لە هێرشێکدا ٣٥ ئەندامی چالاکی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی سەوزی چیایان لە گوندی "نجێ" سەر بە شاری مەریوان دەستبەسەرکرد. ئەم کەسە دەستبەسەکراوانە لە کۆتاییەکانی شەوی ڕابردوودا جگە لە سێ کەسیان ئازادکران. هەتا ئێستا ناسنامەی ١٧ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرابووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوانیوەڕۆی یەکشەممە ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، هێزێکی زۆرە هێزە سەرکوتکارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هێرشیان کردە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان لە گوندی نجێی مەریوان و ٣٥ ئەندامی ئەم ئەنجوومەنە ژینگەپارێزییەیان دەستبەسەرکرد.

هەتا ئێستا هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ١٧ کەس لە دەستبەسەرکراون کە پێکهاتوون لە: سالار ئازەری، کەماڵ کۆنەپۆشی، مادیح خۆشنەواز، عەبدوڵڵا بڵواسی، کاوە کەریمیان، کاوە داستان، جەماڵ قادری، هیوا بابایی، مادیح هیمەت بڵند، لوقمان کۆنەپۆشی، سیروان مەلاڕەحیم، محەممەد ئەفسەری، عەبدوڵڵا بلواسی، شاهۆ تلووعی و عەلی عینایەت ئاشکرا بکات.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، هێزەکانی حکوومەت بەشێوەیەکی توندوتیژانە ئەم ئەندامانەی ئەنجوومەنی سەوزی چیایان دەستبەسەرکردووە و دەستیان بە سەر کەلوپەلی شەخسی و مۆبایلی ئەم کەسانەدا گرتووە.
لە ئەنجامی بەدوداچوونەکانی هەنگاو، بۆی دەرکەوتووە کە، زۆربەی ئەم کەسە دەستبەسەرکراوانە لە کۆتاییەکانی شەوی ڕابردوودا ئازادکراون. بەڵام لانی کەم سێ کەسیان بەناوەکانی کاوە داستان، کاوە کەریمیان و مادیح خۆشنەواز هەتا ئێستا دەستبەسەرن و هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵیان لەبەردەستدانییە.

هەنگاو سەبارەت بە زیادبوونی گوشار و دەستبەسەرکرانەکانی ئەم دواییە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ نزیک بوونەوەی ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی و بەتایبەتی دوای ڕاگەیەندراوی بنەماڵەی ئەمینی تووشی ترس و لەرز بووە. هەر بۆیە حکوومەت دەستی بە توندکردنەوەی گوشار و توندوتیژییەکان بۆ سەر خەڵک لە ڕاستای پێدانی ڕەوایی بە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی کردووە. هەر لەم ڕاستایەدا ئەگەری هێرشی نیزامی بۆسەر باشووری کوردستان بۆ بەلاڕێدابردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ئارادایە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە