دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتی لە شارەکانی دیواندەرە، بانە و بۆکان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە

هاووڵاتییەکی تەمەن ٧٢ ساڵی خەڵکی بۆکان بە ناوی ئەحمەد موعەزێز و ئەندازیار کوروش عەبدی و ئیسماعیل بەرخورداری، کە هەر دوویان خەڵکی دیواندەرەن

٢١ خەرمانان ٢٧٢٣، ٠٩:٥٥


هەنگاو: سێشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی تەمەن ٧٢ ساڵی خەڵکی بۆکان بە ناوی ئەحمەد موعەزێز و ئەندازیار کوروش عەبدی و ئیسماعیل بەرخورداری، کە هەر دوویان خەڵکی دیواندەرەن و هەروەها شەهرام قادرپەناە خەڵکی بانە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) ئەندازیار کوروش عەبدی کە لە پاڵاوگەی بەنداوی سیازاخ لە هەفت کیلومەتری شاری دیواندەرە و لە کاتی کارکردن بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کراوە.

هاوکات ئیسماعیل بەرخورداری، شۆفیری جادەی دیواندەرە- سنە لە تێرمیناڵی شاری سنە لە دوای هێرشی هێز حکوومەتییەکان دەستبەسەر کرا، ناوبراو ٣٢ ساڵان و خەڵکی دیواندەرە و باوکی دوو منداڵە.

لەلایەکی دیکەوە کاتژمێر سێی سەرلەبەیانی پێنج ئۆتۆمبێل هێرشیان کردووتە سەر گوندی کەوپێچ لە بانە و بە شێوەیەکی توندوتیژانە شەهرام قادرپەیانایان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانان، ئەحمەد موعەزێز، هاووڵاتی تەمەن ٧٢ ساڵی خەڵکی بۆکان دەستبەسەر کراوە.بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی حکوومەت بە هێرش بۆ سەر ماڵی ئەحمەد موعەزێز، لەگەڵ پشکنینی ماڵەکەی، مۆبایلی هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراوتە پاڵ ئەم چوار هاووڵاتییە و هەروەها شوێنی ڕاگیران تا کاتی نووسینەوەی ئەم ڕاپۆرتە لەبەردەست نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە